نرخی نەوتی ئەمریکا بە رێژەی 17% دابەزی دوای راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان واشنتن و تاران

چوارشەممە 8ـی نیسانی 2026، بازاڕەکانی وزەی جیهانی پاشەکشەیەکی مێژوویی و بێپێشینەیان بەخۆوە بینی، دوای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی رێککەوتن. ئەم بڕیارە کتوپڕ بووە هۆی داڕمانی نرخی نەوتی خاوی ئەمریکی بە رێژەی زیاتر لە 17% تەنیا لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا.

بەگوێرەی داتاکانی بازاڕی نێودەوڵەتی، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکی (WTI) کە پێوەرێکی سەرەکییە بۆ بازاڕی وزە، بۆ ئاستی 93.03 دۆلار دابەزی. ئەم دابەزینە گەورەیە کە بڕی 17.64%ی بەهای نەوتەکەی لەدەستدا، لە دەوروبەری کاتژمێر 23:30 بە کاتی گرینێچ تۆمار کرا، کە ئەمەش وەک یەکێک لە گەورەترین پاشەکشە رۆژانەکان لە مێژووی بازاڕی نەوتدا هەژمار دەکرێت.

شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم داڕمانە دەرەنجامێکی راستەوخۆی کەمبوونەوەی مەترسییەکانە لە ناوچەی کەنداو و گەرووی هورمز. دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە هێرشە سەربازییەکان بۆ ماوەی 14 رۆژ ڕادەگیرێن و ئێرانیش ئامادەیی نیشاندا گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیوانیدا بکاتەوە، ئەو فشارە دەروونی و ئەمنییەی لەسەر بازاڕی وزە هەبوو، بە شێوەیەکی کتوپڕ ڕەوییەوە.

پێش راگەیاندنی ئاگربەستەکە، بەهۆی جەنگی ئێران و ئەگەری وێرانبوونی ژێرخانی وزە، نرخەکان گەیشتبوونە ئاستێکی یەکجار بەرز، بەڵام ئێستا وەبەرهێنەران و کۆمپانیاکانی کەشتیوانی پێشبینی دەکەن بە گەڕانەوەی جووڵەی تانکەرە نەوتییەکان بۆ ناو گەرووە ستراتیژییەکە، کورتهێنانی دابینکردنی وزە لە ئاستی جیهاندا چارەسەر ببێت. چاوەڕوان دەکرێت ئەم دابەزینە کاریگەریی خێرا لەسەر نرخی جۆرەکانی تری نەوت وەک "خاوی برێنت"یش دروست بکات و ببێتە مایەی هێورکردنەوەی هەڵئاوسانی جیهانی.