وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئازادکردنی شێڵی کیتڵسۆنی لە عێراق راگەیاند

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئازادکردنی رۆژنامەنووسی ئەمریکی شێڵی کیتڵسۆنی راگەیاند، کە هەفتەی رابردوو لە لایەن گرووپی کەتائیبی حزبوڵڵا وە لە بەغدا رفێندرابوو. جەختیشی کردەوە ئیدارەی ترەمپ هیچ جۆرە رفاندنێکی هاووڵاتییانی قبووڵ ناکات

چوارشەممە 8ـی نیسانی 2026 مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئازادکردنی رۆژنامەنووسی ئەمریکی "شێڵی کیتڵسۆنی راگەیاند، کە ماوەیەک لەمەوبەر لە نزیک شاری بەغدای پایتەختی عێراق رفێندرابوو.

روبیۆ لە پەیامێکدا ئاشکرای کرد، کە کیتڵسۆن لەلایەن ئەندامانی گرووپی "کەتائیبی حزبوڵڵا"وە رفێندرابوو، کە واشنتن وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستیی بیانی دەیناسێنێت. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا خۆشحاڵی خۆی بە ئازادکردنی نیشاندا و جەختی کردەوە ئێستا کار دەکەن بۆ ئەوەی بە سەلامەتی خاکی عێراق جێبهێڵێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI)، وەزارەتی جەنگ، و تەواوی ئەو ئاژانسە ئەمنییانەی ئەمریکا کرد کە لە پڕۆسەی ڕزگارکردنەکەدا بەشدار بوون. هەروەها روبیۆ بە تایبەتی سوپاسی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و هاوبەشە عێراقییەکانی کرد بۆ هاوکارییە کاریگەرەکانیان لە دەستەبەرکردنی ئازادکردنی ئەو رۆژنامەنووسە.

مارکۆ روبیۆ ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەم هەنگاوە رەنگدانەوەی پابەندیی نەگۆڕی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی ئەمریکی لە هەر شوێنێکی جیهان بن؛ هۆشدارییەکی توندیشی ئاراستەی لایەنە بەرپرسەکان کرد و گوتی: "لە سایەی سەرۆکایەتی ترەمپدا، هیچ جۆرە ڕفاندن یان دەستبەسەرکردنێکی نایاسایی هاووڵاتییانی ئەمریکا قبووڵ ناکرێت."

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووپاتی کردەوە، واشنتن بەردەوام دەبێت لە بەکارهێنانی تەواوی ئامرازەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئەمریکییەکان بۆ نیشتمان و لێپرسینەوە لەو کەس و لایەنانەی کە لەم جۆرە کارە نایاساییانەدا تێوەگلاون.

سێشەممە 7ی نیسانی 2026، لە راگەیەندراوێکدا کە لەژێر ناوی "بەرپرسی ئەمنی ئەبو موجاهید عەساف" بڵاوکرابووەوە، هاتووە "وەک پێزانینێک بۆ هەڵوێستە نیشتمانییەکانی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیارمان دا بە ئازادکردنی ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکی (شیلی کیتڵسۆن)، بەو مەرجەی دەستبەجێ وڵات جێبهێڵێت."

سێشەممە، 31ی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، "ئێمە ئاگاداری هەواڵی ڕفاندنی ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکیین لە بەغدا، پێشتریش ئەرکی خۆمان جێبەجێ کردووە لە ئاگادارکردنەوەی ئەو کەسە سەبارەت بەو هەڕەشانەی لەسەری بووە، ئێستاش لەگەڵ نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) بەردەوامین لە هەماهەنگی بۆ دڵنیابوون لە ئازادکردنی لە زووترین کاتدا."