شانۆگەرییەکی کوردی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی ئامەد پێشبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵات دەکات

شانۆگەری cm، کە لە دەرهێنانی شێرزاد حەسەن و سۆران حوسێنە، بەشداری لە 11یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی ئامەد دەکات.

چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026، شێرزاد حەسەن، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە بە کوردستان24ی گوت، "دوای ئەوەی شانۆگەرییەکەمان لەماوەی رابردوودا بەشداری چەندین فێستیڤاڵی گرنگی کردووە و خەڵاتی بەدەستهێناوە، هەروەها لە سلێمانی و چەمچەماڵ ئەو شانۆگەرییە نمایش کراوە. لە ئێستادا بەۆشحاڵییەوە ئەو شانۆگەرییەمان لە 11یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی ئامەد بەشدارە و پێشبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵات دەکەین و هیوادارم خەڵات بەدەستبهێنین.

شێرزاد حەسەن گوتیشی، "چیڕۆکی شانۆگەرییەکە باس لەوە دەکات کە رۆڵی ژیانی کەسێک دەگێڕێت کە لە ناو دۆخێکی قورس و پڕ لە تەنیاییدا دەژی، کە بە شێوەیەکی رەمزی و هونەری پیشان دەدرێت، کە مرۆڤێکە لە نێوان ئێستا و رابردوودا گیراوە و ناتوانێت ئەو یادەوەرییە ناخۆشانە لەبیری خۆی بباتەوە."

ئەو دەرهێنەرە ئاماژەی بەوەش دا، "چیڕۆکەکە بە شێوەیەک دەچێتە ناو هەست و بیر و ترسە ناوەوەییەکانی مرۆڤ کە تێیدا، یادەوەرییەکانی رابردوو بەردەوام دەگەڕێنەوە و کاریگەری لەسەر ئێستای دروست دەکەن، هەروەها کەسایەتییەکە لەگەڵ خۆی قسە دەکات، وەک ئەوەی دوو جیهانی جیاواز لە ناخیدا هەبێت و هەست بە تاوان یان پەشیمانی لەسەر روداوێکی دیاریکراو هەیە، کە بە راستەوخۆ بە بینەر ناوترێت، بەڵکو بە شێوەیەکی رەمزی پیشان دەدرێت."

دەربارەی رووداوە راستەقینەکانی ناو نمایشەکە، ئەو دەرهێنەرە گوتی، "شانۆگەری CM زیاتر لەوەی روداوێکی راستەقینە بگێڕێت، هەوڵدەدات هەستێکی قووڵ و پڕ لە نارەحەتی بگەیەنێت، هەروەها ئەو نمایشە وەک یەکێک لە کارە بەهێزەکان لە ناو ئەم فێستیڤاڵەدا ناسراوە، کە هەوڵدەدات بە زمانێکی هونەری قووڵ، دەنگی ناخی مرۆڤی ئەمڕۆ بگەیەنێت."

شایەنی باسە، شانۆگەری cm، کە لە دەرهێنانی شێرزاد حەسەن و سۆران حوسێنە، بەشداری لە 11یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی ئامەد دەکات، کە بڕیارە 22ی نیسانی 2026 لە ئامەد بەڕێوەبچێت و ماوەی 11 رۆژ بخایەنێت.