بەرهەمهێنانی کارەبا و غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان ئاسایی دەبێتەوە

کێڵگەی کۆرمۆر
کێڵگەی کۆرمۆر

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی غازی لە کێڵگەی کۆرمۆر راگەیاند و ئاماژە بەوە دەدات، بڕی پێدانی کارەبای نیشتمانی زیاد دەکات و تاوەکو 12 کاتژمێری دیکە دۆخەکە بەتەواوی ئاسایی دەبێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 08ی نیسانی 2026، سەرچاوەیەکی لە وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، کۆمپانیای دانا غاز لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەستی بە بەرهەمهێنانی غاز کردووەتەوە.

سەرچاوەکە لە وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان، روونیشی کردەوە، بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە قۆناخ بە قۆناخ بەرز دەبێتەوە و بەمەش پێدانی کارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتییان زیاد دەبێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرچاوەکە، ئەوەشی خستە روو، بڕیارە تاوەکو 12 کاتژمێری دیکە رێژەی بەرهەمهێنانی غاز بەتەواوی بەرز ببێتەوە و بەو هۆیەوەش بارودۆخی پێدانی کارەبا بۆ هاووڵاتییان ئاسایی دەبێتەوە.

لە دوای سەرهەڵدانی جەنگی ئێران، کۆمپانیای دانە گاز وەک رێکارێکی خۆپارێزی بەرهەمهێنانی گازی لە کێڵگەی کۆرمۆر راگرتبوو، ئەمەش ببووە هۆی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا و دروستبوونی قەیرانی غازی شلی ماڵان (LPG) لە هەرێمی کوردستان.

کێڵگەی غازی کۆرمۆر گەورەترین کێڵگەی غازییە لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا و لەلایەن کۆنسێرتیۆمی پێرل پیترۆڵیۆمەوە (بە سەرۆکایەتیی دانە گاز و کرێسێنت پیترۆڵیۆم) بەڕێوە دەبرێت. 

کێڵگەکە پێش راگرتنی کارەکانی رۆژانە نزیکەی 500 ملیۆن پێ سێجا غازی سرووشتی بەرهەم دەهێنا بۆ دابینکردنی سووتەمەنیی وێستگەکانی کارەبای هەولێر، چەمچەماڵ و بازیان، لەگەڵ بەرهەمهێنانی زیاتر لە 1000 تۆن غازی شلی ماڵان لە رۆژێکدا.

لە چەند ساڵی رابردوودا ئەم کێڵگەیە چەندین جار رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنی بووەتەوە، بەو هۆیەوە کۆمپانیاکە زۆرترین رێکاری ئەمنی بۆ پاراستنی گیانی کارمەندانی گرتووەتە بەر و لە کاتی دروستبوونی هەر ئاڵۆزییەکی سەربازی لە ناوچەکەدا، کارەکانی بە شێوەیەکی کاتی رادەگرێت.