ترەمپ وردەکاریی رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران ئاشکرا دەکات؛ "پێکەوە کار دەکەین"
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پاش گۆڕانکارییەکی بەرهەمدار لە رژێمی ئێراندا، واشنتن و تاران پێکەوە کار دەکەن بۆ لابردنی پاشماوە ئەتۆمییەکان و هەڵگرتنی گەمارۆ ئابوورییەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" رایگەیاند، گۆڕانکارییەکی زۆر بەرهەمدار لە رژێمی ئێراندا رووی داوە و لەمەودوا، واشنتن لە نێزیکەوە لەگەڵ تاران کار دەکات.
سەرۆکی ئەمریکا، روونیشی کردەوە، چیتر پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران ئەنجام نادرێت. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا لەگەڵ ئێران کار دەکات بۆ هەڵکۆڵین و لابردنی هەموو ئەو پاشماوە ئەتۆمییانەی لە رێگەی فڕۆکە جەنگییەکانی بی-2 بە قووڵی نێژراون.
سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستە روو، هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە چاودێریی زۆر وردی ئەو شوێنانە دەکات و لە رۆژی هێرشەکەوە دەستکاری هیچ نەکراوە.
سەبارەت بە پەیوەندییە ئابوورییەکان، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، لەگەڵ ئێران لەبارەی هەڵگرتنی گومرگ و گەمارۆ ئابوورییەکان گفتوگۆ دەکەن. گوتیشی، لە کۆی 15 خاڵی رێککەوتنەکە، پێشتر لەسەر زۆربەیان رێککەوتوون.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی ئەمریکا:
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نزیکەوە لەگەڵ ئێران کار دەکات، کە بڕیارمان داوە گۆڕانکارییەکی زۆر بەرهەمدار لە رژێمەکەیدا رووی داوە! چیتر پیتاندنی یۆرانیۆم ئەنجام نادرێت، هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکان بە هاوکاری لەگەڵ ئێران، هەموو ئەو "تۆزە" ئەتۆمییە بە قووڵی نێژراوانە (بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەی بی-2ـەوە دروست بوون) هەڵدەکۆڵێت و لایان دەبات. ئێستا و پێشتریش، ئەم شوێنانە لەژێر چاودێرییەکی زۆر وردی مانگە دەستکردەکاندایە (هێزی بۆشایی!). لە رۆژی هێرشەکەوە دەستکاری هیچ نەکراوە. ئێمە لەگەڵ ئێران سەرقاڵی گفتوگۆین و بەردەوامیش دەبین لەسەر کەمکردنەوەی گومرگ و هەڵگرتنی گەمارۆکان. پێشتر لەسەر زۆرێک لەو 15 خاڵە رێککەوتووین. سوپاس بۆ گرنگیدانتان بەم بابەتە.