کۆمارییەکان لە ترەمپ هەڵدەگەڕێنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتی بووەتەوە لە ناوخۆی حزبی کۆماری، بە جۆرێک یاسادانەرانی حزبەکەی لە کۆنگرێس ئێستا زیاتر لە جاران ئامادەیی نیشان دەدەن بۆ دژایەتیکردنی بڕیارەکانی. ئەم پاشەکشەیەی کۆمارییەکان لە چەندین دۆسیەی هەستیاردا وەک جەنگی ئێران، بودجەی دەوڵەت و هاوکارییەکانی ئۆکرانیا بە روونی دەردەکەوێت.

شەممە 6ی حوزەیرانی 2026، بەپێی راپۆرتەکەی رۆیتەرز، تەنیا لە هەفتەی رابردوودا، چەندین گرووپی کۆماری لە هەردوو ئەنجوومەنی پیران و نوێنەران رەخنەی توندیان لە بەردەوامیی جەنگی ئێران گرتووە. جگە لەوە، چەندین پڕۆژەیاسای دارایی ترەمپیان رەتکردووەتەوە، لەوانە بودجەی 1.8 ملیار دۆلاری بۆ "سندووقی بەرەنگاربوونەوەی بەسیاسیکردنی دامەزراوەکان" و بودجەی پەیوەست بە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە کۆشکی سپی.

ئەنجوومەنی نوێنەران رۆژی پێنجشەممە پڕۆژەیاسایەکی بۆ ناردنی هاوکاری بۆ ئۆکرانیا و سەپاندنی سزای نوێ بەسەر رووسیادا پەسەند کرد، کە پێشبینی دەکرێت ترەمپ مافی "ڤیتۆ" دژی بەکاربهێنێت.

سیناتۆر توم تیلیس، کە یەکێکە لە کۆمارییەکان، لەم بارەیەوە گوتی: "لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان، گۆنگرێسمانەکان بەو شێوەیە دەنگ دەدەن کە خەڵک دەیانەوێت، نەک تەنیا بەو شێوەیەی سەرۆک دەیەوێت."

یەکێکی دیکە لە خاڵە هەرە گەرمەکانی ناکۆکی، پرسی دەستنیشانکردنی بەرپرسانی باڵایە. میچی ماکۆنێڵ، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیران، رایگەیاندووە، دەنگ بە "بێڵ بۆڵت" نادات بۆ پۆستی بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی، چونکە بەپێی یاسا دەبێت ئەو کەسە خاوەن ئەزموونێکی زۆر بێت، کە بۆڵت نایەوێت.

هاوکات، جۆن کۆرنین، سیناتۆری کۆماری، گومانی خۆی لەسەر کاندیدکردنی "تۆد بلانش" بۆ پۆستی وەزیری داد دەربڕی و گوتی: "وەزیری داد پارێزەری شەخسیی سەرۆک نییە، دەبێت دڵنیابینەوە کە بلانش پابەند دەبێت بە جێبەجێکردنی یاسا نەک ویستی کەسی."

کۆشکی سپی هەوڵ دەدات ئەم ناکۆکییانە بە کەم وەسف بکات. ئەبیگایل جاکسۆن، یاریدەدەری سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی، رایگەیاند: "لە کاتێکدا میدیاکان و دیموکراتەکان هەوڵی دروستکردنی دووبەرەکی دەدەن، ئێمە بەردەوامین لە پەیوەندییە نزیکەکانمان بۆ جێبەجێکردنی ئەجێنداکانی ترەمپ." بەرپرسانی کۆشکی سپی پێیان وایە ئەم جیاوازییانە تەنیا "حساباتی ساڵی هەڵبژاردنە" و زۆرینەی کۆمارییەکان هێشتا لە پشت ترەمپ وەستاون.

ئەم پەرەسەندنانە نیشانەی ئەوەن کە ترەمپ لە مانگەکانی داهاتوودا بۆ تێپەڕاندنی بڕیارە ستراتیژییەکانی، نەک تەنیا رووبەڕووی دیموکراتەکان، بەڵکو رووبەڕووی باڵێکی ناڕازیی ناو حزبەکەشی دەبێتەوە.