بەهۆی هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی وڵاتەکەی کوەیت بانگهێشتی کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق دەکات
وەزارەتی دەرەوەی کوەیت رایگەیاند، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراقی لە وڵاتەکەی بانگهێشت کردووە، ئەوەش وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە هەڵکوتانە سەر و تێکدانی باڵەخانەی کونسوڵخانەی کوەیت لە شاری بەسرە.
چوارشەممە 8ـی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی کوەیت لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، یاداشتێکی ناڕەزایەتییان رادەستی زەید عەباس شەنشول، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق کردووە، لە یاداشتەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، پێویستە لایەنی عێراقی رێکاری بەپەلە و توند بگرێتە بەر بۆ راوەدوونان و سزادانی هەموو ئەو کەسانەی لەم کارە تاوانکارییانەدا تێوەگلاون، هەروەها گەرەنتی بدات کە لە داهاتوودا کاری لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە.
ئەم گرژییە دوای ئەوە دێت، ڕۆژی سێشەممە، دەیان کەس لەبەردەم کونسوڵخانەی کوەیت لە بەسرە گردبوونەوە و هەوڵی چوونە ناو باڵەخانەکەیان دا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئاژانسی "فرانس پرێس"، هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێناوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرچاوە ئەمنییەکان باس لەوە دەکەن، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی موشەکێک بۆ سەر خانوویەک لە پارێزگای بەسرە، سێ هاووڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستداوە، هەروەها بەرپرسێکی ئەمنی عێراقی لە لێدوانێکدا بانگەشەی ئەوەی کردووە، موشەکەکان لە لایەنی کوەیتەوە ئاڕاستە کراون.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە، ناوچەکە بەهۆی جەنگی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل کە لە 28ـی شوباتەوە دەستی پێکردووە لە دۆخێکی ئاڵۆزدایە، گرووپە چەکدارەکانی ناو "بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" بەردەوام هێرشی درۆنی و مووشەکی دەکەنە سەر بنکە سەربازییەکان لە ناوچەکە و هەندێکجار رادەگەیەنن ئامانجەکانیان لە ناو خاکی کوەیت و ئوردندایە.