ترەمپ: ئەگەری پڕۆژەیەکی هاوبەشی ئەمریکا و ئێران بۆ وەرگرتنی سەرانە لە گەرووی هورمز هەیە

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئاشکرای کرد کە واشنتن و تاران تاوتوێی دروستکردنی پڕۆژەیەکی هاوبەش دەکەن بۆ بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز و وەرگرتنی رسوومات لەو کەشتییە بازرگانییانەی بەو ڕێڕەوەدا تێدەپەڕن.

چوارشەممە 8ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە لێدوانێکی نوێدا بۆ کەناڵی (ABC)ی ئەمریکی، پەردەی لەسەر بیرۆکەیەکی چاوەڕواننەکراو لادا دەربارەی داهاتووی گەرووی هورمز. ئاماژەی بە ئەگەری دروستکردنی پرۆژەیەکی هاوبەش لە نێوان واشنتن و تاران کرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی رێڕەوە ئاوییەکان و وەرگرتنی رسوومات لە کەشتییە بازرگانییەکان.

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە ئەگەری زۆر هەیە پڕۆژەیەکی هاوبەش لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا پێکبهێنرێت بە مەبەستی سەپاندنی تێچوو و وەرگرتنی باج لەو کەشتییانەی بە گەرووی ستراتیژیی هورمزدا تێدەپەڕن.

ترەمپ دەربارەی ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوە گوتی: "ئەم پڕۆژە ئەگەر جێبەجێ بکرێت، مەبەست لێی پاراستن و دەستەبەرکردنی ئاسایشی گەرووەکەیە لە هەر جۆرە دەستوەردانێکی لایەنە دەرەکییەکانی دیکە." سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە هەماهەنگیی راستەوخۆی واشنتن و تاران لەم بوارەدا، رێگری دەکات لەوەی هیچ لایەنێکی سێیەم بتوانێت سەقامگیریی بازاڕی وزە و جوڵەی کەشتییەکان تێکبدات.

هەروەها سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا لەگەڵ رۆژنامەی نیو یۆرک پۆست" رایگەیاند، پێشبینی دەکات گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ ئێران زۆر بە زوویی لە خاکی پاکستان دەستپێبکەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە واشنتن و تاران لە دوای 39 رۆژ لە جەنگێکی سەخت، لەسەر ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی ڕێککەوتوون.

ترەمپ ئاشکرای کرد کە شاندی ئەمریکا بۆ لوتکەی ئیسلام ئاباد کە پێشبینی دەکرێت رۆژی هەینی بەڕێوەبچێت پێکهاتووە لە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەت و جارێد کوشنەر، ڕاوێژکاری باڵا پێک بهێت، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا گومانی خۆی نیشاندا لە بەشداریکردنی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک و گوتی: "ئێمە ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەرمان دەبێت، جەی دی ڤانس-یش ڕەنگە بەشدار بێت، هێشتا نازانم؛ چونکە پرسێکی پەیوەست بە سەلامەتی و ئاسایش لە ئارادایە."

ترەمپ لە کۆتایی قسەکانیدا دووپاتی کردەوە کە دانوستانە ڕاستەوخۆکان زۆر زۆر نزیکن و واشنتن دەیەوێت لەم دەرفەتە دوو هەفتەییەدا کۆتاییەکی فەرمی و یاسایی بەو ململانێیە بهێنێت کە بازاڕی وزە و ئاسایشی جیهانیی هەژاندووە.

هاوکات سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کەناڵی (PBS)، ڕایگەیاند حزبوڵڵای لوبنانی بەشێک نییە لەو رێککەوتن و ئاگربەستە دوو هەفتەییەی لەگەڵ ئێران واژۆ کراوە.