سەرۆکوەزیرانی پاکستان: پێشێلکاری لە ئاگربەستەکە تۆمارکراوە
سەرۆکوەزیرانی پاکستان، هۆشدارییەکی بەپەلەی لەبارەی تۆمارکردنی چەند"پێشێلکارییەکی سەربا " لە ناوچەکانی ململانێ بڵاوکردەوە و داوای خۆڕاگریی دەستبەجێی لە ئەمریکا و ئێران کرد. جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە رەفتارانە هەڕەشە لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان و دانوستانە راستەوخۆکانی رۆژی هەینی لە ئیسلام ئاباد دەکەت
چوارشەممە 8ـی نیسانی 2026، تەنھا چەند کاتژمێرێک دوای راگەیاندنی ئاگربەستە مێژووییەکەی نێوان واشنتن و تاران، شەھباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، ھۆشدارییەکی بەپەلەی بڵاوکردەوە سەبارەت بە دروستبوونی چەند پێشێلکارییەک لە ناوچەکانی جەنگ و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد ڕێز لە ڕێککەوتنەکە بگرن.
سەرۆکوەزیرانی پاکستان ئاشکرای کرد، لە چەند شوێنێکی جیاوازی ناوچەی ململانێکان، راپۆرتی پێشێلکردنی ئاگربەست گەیشتووەتە دەستیان. شەریف جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە رەفتارانە گیانی پرۆسەی ئاشتی تێکدەدەن و مەترسی بۆ سەر ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانە دروست دەکەن کە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ دەستیان پێکردووە.
شەھباز شەریف داوای لە تەواوی لایەنە شەڕکەرەکان کرد کە پەنا بۆ خۆڕاگری ببەن و بە تەواوەتی پابەندی ئەو ئاگربەستە دوو هەفتەیییە بن کە لەسەری رێککەوتبوون. ئاماژەی بەوە کرد، کە دەبێت دەرفەت بدرێتە دیپلۆماسییەت تاوەکو بتوانێت رۆڵی سەرەکی بگێڕێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتییانە و هەمیشەیی بۆ ئەم ململانێیە.
ئەم هۆشدارییەی سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە کاتێکدایە، کە بڕیارە رۆژی هەینی ئیسلام ئاباد میوانداری یەکەمین خولی دانوستانە راستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بکات. چاودێرانی سەربازی دەڵێن، هەبوونی پێشێلکاری لە یەکەم ساتەکانی ئاگربەستدا نیشانەی ئەوەیە کە هێشتا دۆخی مەیدانی زۆر هەستیارە و گەیاندنی فەرمانی راگرتنی شەڕ بۆ تەواوی یەکە سەربازییەکان و گرووپە چەکدارەکان کاتی زیاتری دەوێت.