رەهێڵ مستەفا کتێبی ئاوازی ترسی بڵاوکردەوە

رەهێڵ مستەفا، نووسەر و رۆماننووس، نوێترین کتێبی خۆی بە ناوی "ئاوازی ترس" بڵاوکردەوە، کە لە لایەن "ماڵی وەفایی"یەوە چاپ کراوە.

رۆژی چوارشەممە، 8ـی نیسانی 2026، رەهێڵ مستەفا سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی کتێبە نوێیەکەی بە کوردستان24ـی راگەیاند، "کتێبی 'ئاوازی ترس' لە 11 چیرۆک پێکهاتووە، کە چیرۆکی درێژ، کورت و کورتیلەچیرۆک لەخۆ دەگرێت. ئەمە دووەم کۆمەڵەچیرۆکی منە کە لە ساڵی 2021دا نووسیومە، دوای یەکەم کۆمەڵەچیرۆکم کە لە ساڵی 2020دا بوو، بەڵام هێشتا دەرفەتی چاپکردنی بۆ نەڕەخساوە."

رەهێڵ مستەفا گوتیشی، "هەر یەک لە دەقی چیرۆکەکانم، هەڵگری ئایدیایەکی سەربەخۆ و شێوازێکی نوێن لە تەکنیک، گرێچن و چنیندا. فۆرمی جیاوازی چیرۆکەکان وا دەکات خوێنەر لە خوێندنەوەیان بێزار نەبێت و هەست بە ماندووبوون نەکات."

ئەو نووسەرە باس لە گرنگیی چیرۆکەکانی نێو کتێبەکەی دەکات و دەڵێت: "من وەک خۆم دەتوانم هەمان قسەکانی 'یاسۆناری کاواباتا' دووپات بکەمەوە و بڵێم؛ هێزی راستەقینەی من لە گێڕانەوەی چیرۆکەکانمدایە. چونکە چیرۆک هونەرێکە وام لێ دەکات شێواز و تەکنیکی نوێ بۆ هەر دەقێک بدۆزمەوە بەراورد بەوەی پێشووتر. بۆیە چیرۆکنووسین بە یارییەکی هونەریی دەگمەن دەزانم لە گێڕانەوەدا؛ چونکە چیرۆکنووسین ئەرکێکی ئەستەمە بۆ هەر نووسەرێک، بەڵام وەک سەرکەوتنێکی مەزن وایە لە زۆربازییەکی راستەقینەدا دژ بە پاڵەوانێکی لێهاتوو."

رەهێڵ مستەفا ئاماژەی بەوەش دا، "من چیرۆکم خۆش دەوێت و حەز بە خوێندنەوە و نووسینی دەکەم. رەنگە تا ئێستا لە جیهانی گێڕانەوەکانمدا پشکی شێر بەر چیرۆکنووسین کەوتبێت، هەرچەندە خۆزگەم دەخواست ئەم بەهرەیەم لە نووسینی شانۆدا ئاوا باڵا بووایە و زۆرترین دەقی شانۆییم هەبوایە."

رەهێڵ مستەفا نووسەرێکی گەنجە و لەدایکبووی شارۆچکەی هیرانە، خاوەنی چەند کتێبێکە لە بوارەکانی رۆمان، چیرۆک و شانۆدا.