حزبوڵڵا و سوپای پاسداران هۆشداریی دەدەنە ئەمریکا و ئیسرائیل

دوای هێرشە ئاسمانییە چڕەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی لوبنان، حزبوڵڵا و سوپای پاسدارانی ئێران لە دوو بەیاننامەی جیادا هۆشداری توندیان ئاراستەی ئیسرائیل کرد و جەختیان لەوە کردەوە، ئەم هێرشانە بێ وەڵام نابن.

چوارشەممە 8ـی نیسانی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا راگەیاند، ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر وڵآتەکەیان و لوبنان رانەگیرێن، وەڵامێکی توندیان دەبێت و ئیسرائیل لەو کردەوانەی پەشیمان دەکەنەوە.  

لە بەیاننامەکەدا، سوپای پاسدارانی ئێران هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئەمریکا و ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، تەنها چەند کاتژمێرێک دوای رێککەوتنی ئاگربەست، ئیسرائیل بەڵێنەکانی شکاندووە و دەستی کردووەتەوە بە کۆمەڵکوژی لە بەیروت.

سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر دەستبەجێ هێرشەکان بۆ سەر لوبنان رانەگیرێن، ئێمە ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکەین و وەڵامێکی وایان دەدەینەوە کە پەشیمان ببنەوە لە کردەوەکانیان، هاوکات سوپای پاسداران ئیسرائیلی بە "قەوارەیەکی دڕندە" وەسف کرد کە کوشتنی بێتاوانەکان بەشێکە لە ناسنامەی.

لە لایەکی دیکەوە حزبوڵڵای لوبنان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل بە دڕندانەترین شێوە و بە ئەنجامدانی دەیان هێرشی ئاسمانی، ناوچە مەدەنییەکانی ناو جەرگەی بەیروت، زاحیە، سیدا، باشوور و بیقاعی کردووەتە ئامانج.

 حزبوڵڵا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی کۆمەڵکوژی و سەدان هاووڵاتی سڤیل لە ئافرەتان، منداڵ و بەساڵاچوو بوونەتە قوربانی.

حزبوڵڵا دەڵێت: "ئەم دەستدرێژییە هەرەمەکییە وەک تاوانی جەنگ و جینۆساید هەژمار دەکرێت، هەروەها ئیسرائیل دوای ئەوەی لە بەرەکاندا تووشی شکست بوو، ئێستا بە شێوەیەکی بێهیوایانە خەریکی تۆڵەکردنەوەیە لە خەڵکی مەدەنی، حزبوڵڵا جەختیشی کردەوە، خوێنی شەهید و بریندارەکان بەفیڕۆ ناچێت و وەڵامدانەوەی ئەم هێرشانە بە مافێکی سروشتی و یاسایی خۆیان دەزانن.

ئەم گرژییە نوێیە لە کاتێکدایە، لوبنان لەژێر بۆردومانێکی فراوانی هێرشە ئاسمانییەکان و بۆردومانی تۆپخانەکانی ئیسرائیلدایە و تاوەکوو ئێستا بە سەدان کەس کوژراون و بریندار بوون، ئەمەش مەترسی هەڵگیرسانی شەڕێکی بەرفراوانتری لە ناوچەکەدا زیاد کردووە.