ئەکسیۆس: جەی دی ڤانس سەرۆکایەتیی شاندی ئەمریکا دەکات لە پاکستان
ماڵپەڕی ئەکسیۆس ئاشکرای کرد، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، رێبەرایەتیی شاندی وڵاتەکەی دەکات لە دانوستانە چاوەڕوانکراوەکانی ئیسلام ئاباد بۆ ئاشتی لەگەڵ ئێران، کە بڕیارە بەیانیی ڕۆژی شەممە دەست پێ بکات. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، هەریەکە لە جارێد کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف یاوەری ڤانس دەکەن.
چوارشەممە 8ـی نیسانی 2026، ماڵپەڕی ئەکسیۆس ئاشکرای کرد، کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، دەبێتە سەرۆکی تیمی دانوستانکاری وڵاتەکەی بۆ گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ ئێران. کارۆڵاین لێڤت، سکرتێری رۆژنامەوانی کۆشکی سپی، پشتڕاستی کردەوە کە یەکەمین خولی ئەم دانوستانانە رۆژی شەممە لە شاری ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوە دەچێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لەم دانوستانە هەستیارانەدا، هەریەکە لە جارێد کوشنەر، ڕاوێژکاری باڵا و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، یاوەری جێگری سەرۆک دەکەن و بەشداریی ڕاستەوخۆ لە گفتوگۆکاندا دەکەن. ئامادەبوونی ئەم کەسایەتییە نزیکانەی سەرۆک ترەمپ نیشانەی بایەخی زۆری واشنتنە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕەکەی راگەیاندووە، بەیانی رۆژی دووشەممە، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی سەرقاڵی جەژن بووە، ستیڤ ویتکۆف بە زۆر تووڕەییەوە لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە نێوەندگیرەکانەوە کردووە. ویتکۆف بە ڕاشکاوی پێی ڕاگەیاندوون کە ئەو پێشنیازە 10 خاڵییەی ئێران ناردوویەتی کارەساتبار و وێرانکەرە و ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکات.
ئەم هەڵوێستە توندەی ئەمریکا بووە هۆی دەستپێکردنی ڕۆژێکی پڕ لە پشێوی بۆ گۆڕینی مەرجەکان. نێوەندگیرەکانی پاکستان خەریکی گواستنەوەی رەشنووسی نوێ بوون لە نێوان ویتکۆف و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران. هاوکات وەزیرانی دەرەوەی میسر و تورکیاش هەوڵێکی چڕیان دا بۆ پڕکردنەوەی درزەکان و نزیککردنەوەی دیدگای هەردوو لایەن.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی ئەکسیۆس، تاوەکو شەوی دووشەممە نێوەندگیرەکان توانییان رەزامەندیی ئەمریکا بۆ رەشنووسێکی هەموارکراوی ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی بەدەستبهێنن.