مووچەی مانگی ئاداری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج کرا
وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی ئاداری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی خەرج کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 09ـی نیسانی 2026، شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، واژۆی لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی ئادار (3)ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرد.
بە گوتەی دووبەردانی، هەموو رێکارەکانی خەرجکردنی مووچەکە لە وەزارەتی دارایی عێراق تەواو کراون و هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، 09ـی نیسانی 2026، دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
هاوکات دوو سەرچاوە لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، بە کوردستان24ـیان راگەیاند "بانکی ناوەندیی عێراق تاوەکو کاتژمێر 01:00ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دەوام دەکات و تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش نووسراوەی خەرجکردنی مووچەی مانگی ئادار نەگەیشتووە".
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەگەر مووچەکە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووری، هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، خشتەی دابەشکردنی مووچە بەسەر فەرمانبەر و هێزە ئەمنییەکاندا بڵاودەکرێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا، رایگەیاند، بڕی 43 ملیار و 94 ملیۆن و 141 هەزار دینار وەک داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئادار بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ.
وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم پارەیە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق رادەست کراوە.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی رێککەوتن و پابەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە بۆ رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان بە گەنجینەی دەوڵەت.