مووچە گەیشت

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

مووچەی مانگی ئادار (3)ـی مووچەخۆران خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 09ـی نیسانی 2026، زیاتر لە 950 ملیار دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئادار (3)ـی مووچەخۆران خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. 

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەگەری زۆرە، هەر ئەمڕۆ لیستی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوبکرێتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، بەیانیی ئەمڕۆ، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، واژۆی لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی ئادار (3)ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرد. 

رۆژی چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا، رایگەیاند، بڕی 43 ملیار و 94 ملیۆن و 141 هەزار دینار وەک داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئادار بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ.

وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم پارەیە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق رادەست کراوە.

 ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی رێککەوتن و پابەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە بۆ رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان بە گەنجینەی دەوڵەت.