دەشتی کەلهوڕی بۆ کوردستان24: بەمزووانە بەرهەمێکی نوێ بۆ زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان بڵاودەکەمەوە
دەشتی کەلهوڕی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، بەرهەمێکی نوێ بە ناوی "زانکۆ"، کە تایبەتە بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان بڵاودەکاتەوە.
پێنجشەممە، 9ـی نیسانی 2026، دەشتی کەلهوڕی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، دەربارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی بە کوردستان24ـی گوت، "بۆ یەکەمجارە لە مێژووی کوردستاندا، هونەرمەندێک گۆرانی بۆ زانکۆیەک بڵێت، ئەوە جێگەی شانازییە بۆ من، هەروەها ئەو بەرهەمەی کە بۆ زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیانم گوتووە، لە ئاوازی خۆمە و دکتۆر ئەحمەد باوەڕ شیعرەکەی بۆ داناوە، هەروەها لەلایەن ئەمیر جەباریان کاری میوزیک و دابەشکردنی بەرهەمەکەی کردووە."
دەشتی کەلهوڕی گوتیشی، "تێکستەکە گوزارشت لە جوگرافیای مەزنی کوردستان و مەینەتییەکانی گەرمیان و ئازایەتیی گەلی کورد دەکات. ئەو سروودە باس لە ئەنفال و قارەمانێتیی ناوچەی گەرمیان دەکات، ئەو زانکۆیەش بەرهەمی ئەو قارەمانێتییە و کۆڵنەدان و ئەو هەموو ئەنفالەی گەرمیانە."
کەلهوڕی باس لە گرنگیی ئەو بەرهەمە نوێیەی دەکات و دەڵێت، "شانازییەکی گەورەیە بۆ من کە یەکەم هونەرمەند بم لە مێژووی کوردستاندا سروودێکی تایبەت بە زانکۆ بچڕم. سوپاسی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان دەکەم بۆ متمانە و هاوکارییان."
شایەنی باسە، ئەو بەرهەمە نوێیەی دەشتی کەلهوڕی، کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی دامەزراندنی زانکۆ و یادی خەمناکی ئەنفال، بڕیارە 14ـی نیسانی 2026، بڵاوی بکاتەوە.
دەشتی کەلهوڕی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، لە شاری کەرکووک لەدایکبووە، بەڵام لە کەلار ژیانی بەسەر بردووە، ماوەی زیاتر لە 24 ساڵە لە دەرەوەی وڵات دەژی. دەشتی کەلهوڕی هەر لە منداڵییەوە هەست بە سەرهەڵدانی هونەری گۆرانیبێژی لە نێو ناخی خۆیدا دەکات و هەر لەو کاتەوە لە نێو خێزان و هاوڕێیانی گۆرانی دەچڕێت، بەڵام ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە بە شێوازێکی تەواو دەستی بە هونەری گوتنی گۆرانی کردووە و زۆربەی کارە هونەرییەکانیشی نیشتمانین.