وەزارەتی دارایی: بەغدا بەشێک لە تەمویلی مووچەی مانگی ئاداری بڕیوە

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، وەزارەتی دارایی عێراق لە تەمویلی مووچەی مانگی ئاداردا، بڕی زیاتر لە 21 ملیار دیناری نەناردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 09ـی نیسانی 2026، راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو لەگەڵ گەیشتنی تەمویلی مووچەی مانگی ئازار، وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ بڕی 21 ملیار و 407 ملیۆن و 595 هەزار و 375 دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی ئادار نەناردووە.

بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی، ئەو بڕە پارەیەی نەنێردراوە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی رابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازیی هەرێمی کوردستان.

وەزارەتەکە، پێشتر لە راگەیەنراوێکی دیکەیدا ئاماژەی بەوە دابوو، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 09ـی نیسانی 2026، بڕی 957 ملیار و 122 ملیۆن دینار، وەک شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران بۆ مانگی ئادار (سێ) خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بەهۆی ئەوەی پارەکە لە کۆتایی دەوامی فەرمی بانکی ناوەندیی عێراق خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتەکەیان، وەرگرتنی پارە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق دەکەوێتە رۆژی یەکشەممە، 12ـی نیسان و راستەوخۆ هەمان رۆژ دوای وەرگرتنی پارەکە، دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت.