لاوەند مەمووندی: ئاسمانی عێراق کرایەوە و گەشتە ئەسمانییەکان دەستپێدەکەنەوە
سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئاسمانی عێراق بە فەرمی بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا کراوەتەوە و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا گەشتەکان ئاسایی ببنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی نیسانی 2026، لاوەند مەمووندی، سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاری، بە کوردستان 24ـی رایگەیاند: دوای ئەوەی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق بڕیاری کردنەوەی ئاسمانی وڵاتەکەی دا، سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکان دەستیان بە ئامادەکاری کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق.
سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنەوەی گەشتەکان، ئاماژەی بەوە کرد کە چاوەڕوان دەکرێت هێڵی ئاسمانی شاهانەی ئوردنی (Royal Jordanian) هەر ئەمشەو یان سبەی بەیانی گەشتەکانی بۆ هەولێر دەستپێبکاتەوە. هەروەها کۆمپانیای (Fly Erbil) بڕیارە ڕۆژی11ـی نیسان گەشتەکانی بۆ ئیستانبوڵ و دۆسڵدۆرف دەستپێبکاتەوە.
لەبارەی فڕۆکەخانەی سلێمانیشەوە، مەمووندی ئاشکرای کرد کە کۆمپانیای (Fly Dubai) بڕیاریداوە لە 13ـی ئەم مانگەوە گەشتەکانی بۆ هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی دەستپێبکاتەوە، هاوکات هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق و ئوردنیش بەهەمان شێوە گەشتەکانیان بۆ سلێمانی کارا دەکەنەوە.
سەرۆکی کۆمەڵەکە تیشکی خستە سەر کاریگەرییەکانی داخستنی ئاسمان لە ماوەی 40 ڕۆژی ڕابردوودا و وتی: "بەهۆی وەستانی گەشتەکانەوە، هەر نووسینگەیەکی گەشتیاری لە نێوان 10 بۆ 15 ملیۆن دینار زیانیان بەرکەوتووە، جگە لەو زیانە گەورەیەی بەر فڕۆکەخانەکان و کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری کەوتووە."
سەبارەت بە نرخی تکت، لاوەند مەمووندی هۆشداری دا لە ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخەکان و وتی: "پێشبینی دەکەین نرخی تکتی فڕۆکە بە رێژەی %20 بەرزبێتەوە، ئەمەش بەهۆی سێ هێندە زیادبوونی نرخی سووتەمەنی فڕۆکە لە بازاڕەکانی جیهان و گرانبوونی تێچووی دڵنیایی (Insurance) بەهۆی ناسەقامگیری دۆخی ناوچەکە."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە پاڵپشتی کۆمپانیاکانی گەشتیاری و فڕۆکەوانی بکات، چونکە ئەم کەرتە لە کاتی هەر تەنگژەیەکدا یەکەم کەرتە کە زیانی گەورەی بەردەکەوێت.