ئاگربەست و گەرووی هورمز؛ نوێترین پێشهاتە ئابوورییەکانی شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
دوای راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و ئێران، بازاڕە ئابوورییەکانی جیهان کاردانەوەی جیاوازیان نیشان دا. لە کاتێکدا نرخی پشکەکان روویان لە بەرزبوونەوە کردووە، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی گرژییەکان و نیگەرانی لە داخراویی گەرووی هورمز، نرخی نەوت هێشتا بە بەرزی ماوەتەوە.
بەرزبوونەوەی پشکەکان و نرخی نەوت
رۆژی هەینی 10ی نیسانی 2026، بازاڕەکانی پشک گەشەیان بەخۆوە بینی، ئەمەش بەهۆی گەشبینی وەبەرهێنەران بە ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران و ئامادەکاریی بۆ گفتوگۆکانی کۆتایی هەفتە. بازاڕەکانی تۆکیۆ و سیئۆل پێشەنگی بەرزبوونەوەکان بوون لە ئاسیا. لە بەرانبەردا، نرخی نەوت بەرزبوونەوەی زیاتری تۆمار کرد؛ نرخی خاوی برێنت بە رێژەی 0.6% و خاوی تێکساس 0.8% بەرزبوونەوە، بەمەش نرخی بەرمیلێک نەوت لە دەوروبەری 100 دۆلار جێگیر بوو. بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان یەکێکە لەو هۆکارانەی بازاڕی نەوتی بە نادیاری هێشتووەتەوە.
ژاپۆن یەدەگی نەوت بەکاردەهێنێت
سانای تاکایچی، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن رایگەیاند، وڵاتەکەی پلانی هەیە بڕی 20 رۆژ لە یەدەگی نەوتی نیشتمانی بخاتە بازاڕەوە. تاکایچی لە کۆبوونەوەیەکدا سەبارەت بە ململانێکان گوتی: "بۆ دڵنیابوون لە دابینکردنی نەوت، لە سەرەتای مانگی ئایارەوە دەست بە بەکارهێنانی یەدەگی نەوت دەکەین." ژاپۆن کە خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتە لە جیهاندا، لە مانگی ئادارەوە دەستی بەم هەنگاوە کردووە بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخەکان.
هۆشداریی توند لە ترەمپەوە بۆ ئێران
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دایە ئێران لە بەرانبەر وەرگرتنی هەر جۆرە "سەرانە و باجێک" لەو کەشتیانەی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن. ترەمپ لە هەژماری خۆی لە "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "دەگوترێت ئێران پارە لە تانکەرەکان وەردەگرێت، باشترە ئەو کارە نەکەن و ئەگەر دەشیکەن، دەبێت هەر ئێستا رایبگرن." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بەم نزیکانە نەوت بەبێ یارمەتی ئێرانیش هەناردە دەکرێت.
پلانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ گەرووی هورمز
دۆناڵد ترەمپ و کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، جەختیان لە پێویستیی هەبوونی "پلانێکی پراکتیکی" کردەوە بۆ دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا. نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند کە هەردوو سەرکردە رێککەوتوون لەسەر ئەوەی دوای ئاگربەست، پێویستە رێگەچارەیەکی خێرا بۆ ئاساییکردنەوەی جموجۆڵە دەریاییەکان بدۆزرێتەوە.
یەکێتیی ئەوروپا داوای ئازادیی هاتوچۆ دەکات
یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، دەبێت ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز پارێزراو بێت و رێگە نادرێت هیچ باجێک لە کەشتییەکان وەربگیرێت. ئەنوەر ئەلەنونی، گوتەبێژی کۆمسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند: "یاسا نێودەوڵەتییەکان گەرەنتی ئازادیی هاتوچۆیان کردووە و نابێت هیچ پارەیەک وەربگیرێت، چونکە ئەمە مافێکی گشتییە."
هۆشدارییەکانی سندوقی نەختینیە
کریستالینا جۆرجێڤا، بەڕێوەبەری سندوقی نەختینە (IMF) رایگەیاند، بەهۆی شەڕەکەوە ناچار دەبن پێشبینییەکانیان بۆ گەشەی ئابووریی جیهان دابەزێنن. جۆرجێڤا هۆشداری دا کە 45 ملیۆن کەس بەهۆی تێکچوونی زنجیرەی دابینکردنی خۆراکەوە رووبەڕووی مەترسی دەبنەوە و رایگەیاند کە سندوقەکە ئامادەیە 50 ملیار دۆلار هاوکاریی بەپەلە پێشکەشی ئەو وڵاتانە بکات کە زیانیان بەرکەوتووە.
تێپەڕبوونی یەکەم تانکەری نەوت
بەگوێرەی داتاکانی "مارین ترافیک"، یەکەمین تانکەری نەوتی غەیرە ئێرانی دوای راگەیاندنی ئاگربەست بە گەرووی هورمزدا تێپەڕی. تانکەری (MSG) کە ئاڵای وڵاتی گابۆنی پێوە بووە، 7000 تۆن سووتەمەنی ئیماراتی گواستووەتەوە بۆ هیندستان. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا هاتوچۆ لەو گەرووە وەک پێویست ئاسایی نەبووەتەوە.
کۆگاکردنی گاز لە ئەوروپا
رێکخراوی (ENTSOG) بۆ گواستنەوەی غاز لە ئەوروپا رایگەیاند، زۆر گرنگە وڵاتانی ئەوروپا لە ئێستاوە دەست بە پڕکردنەوەی کۆگاکانی غازیان بکەن بۆ وەرزی زستان. بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوەکە گوتی، پێویستە لە مانگی نیسانەوە دەست بەو پرۆسەیە بکرێت بۆ ئەوەی رێگری لە هەر قەیرانێکی وزە بکرێت.
هاوکاریی دارایی بۆ وڵاتانی ناوچەکە
بانکی ئەوروپا بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان (EBRD) بڕی 5 ملیار یۆرۆ (نزیکەی 5.9 ملیار دۆلار) بۆ هاوکاریی ئەو وڵاتانە تەرخان دەکات کە بەهۆی شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئابوورییەکەیان زیانی بەرکەوتووە. ئەم هاوکارییانە لە ساڵی 2026دا بەسەر ئەو وڵاتانەدا دابەش دەکرێن.
ئێر فرانس گەشتەکانی رادەگرێت
کۆمپانیای (ئێر فرانس) رایگەیاند، بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە، راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ چەند ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوەکو 3ی ئایار درێژکردووەتەوە. سەرچاوەیەک لە کۆمپانیاکە رایگەیاند، ئەم بڕیارە پێش راگەیاندنی ئاگربەستەکەی رۆژی سێشەممە دراوە.