نرخی نەوت بەرزبووەوە و برێنت 96 دۆلاری تێپەڕاند
سەرەڕای هەوڵەکان بۆ ئاگربەست، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی تۆمار کرد و نەوتی خاوی برێنت ئاستی 96 دۆلاری تێپەڕاند، ئەمەش بەهۆی پەککەوتنی بەشێکی گەرووی هورمز و کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە سعوودیە بەهۆی هێرشەکانەوە.
رۆژی هەینی 10ی نیسانی 2026، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت گەیشتە زیاتر لە 96 دۆلار. هەرچەندە پێشبینی دەکرێت لەسەر ئاستی هەفتانە، نرخەکان بە رێژەی 10% دابەزین، بەڵام لێدانە سەربازییەکانی لوبنان و گرژییەکانی دەوروبەری گەرووی هورمز وایکردووە وەبەرهێنەران نیگەران بن لە پچڕانی هێڵەکانی گواستنەوەی وزە.
راپۆرتەکان ئاماژە بە رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران دەکەن بۆ ئاگربەستێکی کاتیی دوو هەفتەیی، ئەمەش تا رادەیەک بازاڕەکانی هێورکردەوە. بەڵام هێشتا بازاڕەکان بە وریاییەوە چاوەڕێی ئەنجامی گفتوگۆکانی واشنتن و ئیسرائیل و لوبنان دەکەن بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی گشتگیر، کە ئەمەش جۆرێک لە نادیاریی لە بازاڕی وزەدا هێشتووەتەوە.
گەرووی هورمز وەک یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان، هێشتا لەژێر مەترسیدایە و بە شێوەیەکی بەشەکی داخراوە. کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی چاوەڕێی رێنمایی روون دەکەن بۆ جووڵەی کەشتییەکانیان، چونکە هەر ئاستەنگێک لەم گەرووەدا راستەوخۆ کار دەکاتە سەر بەرزبوونەوەی نرخەکان لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا.