جەی دی ڤانس: ئەگەر تاران نیازپاکی نیشان نەدات، وەڵاممان توند دەبێت

جێگری سەرۆکی ئەمریکا، کەمێک پێش بەڕێکەوتنی بۆ پاکستان بە مەبەستی دەستپێکردنی دانوستانە راستەوخۆکان، پەیامێکی توندی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند واشنتن تەنیا بە مەرجی نیازپاکی و پابەندبوو ئامادەی رێککەوتنە. هۆشداری دا کە ئەگەر ئێران بییەوێت"یاری بە کات بکات یان فێڵ بکات، ئەوا بەپێی رێنماییە ڕوونەکانی ترەمپ دانوستانەکان تێکدەدەن

هەینی 10ـی نیسانی 2026، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پێش بەڕێکەوتنی بۆ شاری ئیسلام ئابادی پاکستان بە مەبەستی دەستپێکردنی دانوستانە راستەوخۆکان لەگەڵ ئێران، پەیامێکی روونی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند واشنتن بە مەرج ئامادەی رێککەوتنە.

ڤانس لە سەرەتای قسەکانیدا گەشبینی خۆی بۆ دانوستانەکان نیشان دا و گوتی: "ئێمە چاوەڕوانی دانوستانەکانین و پێموایە ئەنجامەکەی ئەرێنی دەبێت، بەڵام هەموو شتێک بەندە بە هەڵوێستی لایەنی بەرانبەر."

جێگری سەرۆکی ئەمریکا مەرجی سەرەکیی وڵاتەکەی بۆ سەرخستنی ئاگربەستەکە ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "وەک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاماژەی پێکردووە، ئەگەر ئێرانییەکان ئامادە بن بە نیازپاکی دانوستان بکەن، ئەوا ئێمەش بێگومان دەستی ئاشتییان بۆ درێژ دەکەین و دەستمان کراوە دەبێت بۆ رێککەوتن.

ڤانس هۆشدارییەکی توندیشی دایە تیمی دانوستانکاری ئێران و گوتی: "ئەگەر تاران بییەوێت یاری بە کات بکات یان فێڵ لە ئەمریکا بکات، ئەوا تیمی دانوستانکاری ئێمە بە هیچ شێوەیەک وەڵامێکی ئەرێنی نابێت و دانوستانەکان تێکدەچن. ترەمپ ڕێنمایی و هێڵە سوور و یەکجار ڕوون و جێگیری پێداوین بۆ ئەم گفتوگۆیانە.

جەی دی ڤانس، کە سەرۆکایەتیی شاندە باڵاکەی ئەمریکا دەکات بۆ پاکستان، جەختی کردەوە ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت ئەم دەرفەتە دوو هەفتەییەی ئاگربەست بەکاربهێنێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی، بەو مەرجەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە تەواوەتی پارێزراو بن.

بڕیارە یەکەمین خولی دانوستانە ڕووبەڕووەکانی نێوان واشنتن و تاران ئەمڕۆ هەینی لە ئیسلام ئاباد دەستپێبکات، کە وەک گرنگترین وەرچەرخانی دیپلۆماسی لە مێژووی جەنگی ئێراندا تەماشا دەکرێت.