پێدرۆ سانچێز: با رێگە نەدەین غەززەیەکی نوێ لە لوبنان دروست ببێت
سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، هۆشداریی دا لە دروستبوونی غەززەیەکی نوێ لە لوبنان و داوای کرد ئەوروپا دەستبەجێ دەست بکات بە دروستکردنی سوپایەکی هاوبەشی ئەوروپی، جەختی کردەوە بنیاتنانی بەرگرییەکی یەکگرتوو چیتر بڕیارێکی ئارەزوومەندانە نییە، بەڵکو پێویستییەکی حەتمییە بۆ سەلماندنی پێگەی ئەوروپا لە جیهانی ئەمڕۆدا.
هەینی 10ـی نیسانی 2026، پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، لە گوتارێکیدا لە کۆڕبەندی پۆلیتیکۆ، رایگەیاند، با رێگە نەدەین غەززەیەکی نوێ لە لوبنان دروست ببێت." سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئەوروپا لە بەرانبەر پێشێلکارییەکانی یاسای نێودەوڵەتیدا بە یەکگرتوویی و لێبڕاوانە مامەڵە بکات، ئەگەر دەیەوێت وڵاتانی تری جیهان پشتگیری لە هەڵوێستەکانی بکەن.
سانچێز جەختی لەوە کردەوە کە دروستکردنی هێزێکی سەربازیی یەکگرتوو بۆ ئەوروپا نابێت چیتر دوا بخرێت. گوتی: ئێمە ئامادەین بۆ هەنگاونان بەرەو سوپایەکی هاوبەشی ئەوروپی، نەک دوای 10 ساڵ یان 2 ساڵی دیکە، بەڵکوو ئەگەر بکرێت هەر لە سبەی بەیانییەوە دەستپێدەکەین. سانچێز ئاماژەی بەوە کرد ئەو کەسانەی پێیان وایە ئەم بڕیارە ئارەزوومەندانەیە، هەڵە دەکەن.
سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا روونیکردەوە کە یەکێتیی ئەوروپا لە کۆمەڵێک هێزی مامناوەند پێکهاتووە، و تەنیا یەک رێگە هەیە بۆ ئەوەی لە جیهانی ئەمڕۆدا پێگەی خۆیان بسەلمێنن، ئەویش بنیاتنانی بەرگرییەکی هاوبەشە؛ گوتیشی: ئەگەر ئێمە بەیەکەوە بەرەنگاری لاوازییەکانمان نەبینەوە، ئەوا رێگە بۆ لایەنەکانی دیکە خۆش دەکەین کە ئەو خاڵە لاوازانە دژی خۆمان بەکاربهێنن.
ئەم لێدوانانەی سانچێز لە کاتێکی زۆر هەستیاردا دێن، کاتێک کە وڵاتانی ئەوروپا بەهۆی جەنگی ئێران و توندبوونەوەی گرژییەکان، هەست بە مەترسیی ئەمنیی گەورە دەکەن. هەروەها ئەمە وەک وەڵامێکی ناڕاستەوخۆش تەماشا دەکرێت بۆ ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی ناتۆ، کە وای لە سەرکردەکانی ئەوروپا کردووە بە جدی بیر لە سەربەخۆیی سەربازیی کیشوەرەکەیان بکەنەوە.
ئەم پێشنیازەی ئیسپانیا، کە یەکێکە لە هێزە سەرەکییەکانی یەکێتیی ئەوروپا، دەتوانێت بزوێنەرێکی نوێ بێت بۆ گۆڕینی هاوسەنگییە ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا و ئامادەکردنی ئەوروپا بۆ قۆناغێکی نوێ کە تێیدا کەمتر پشت بە پاراستنی دەرەکی ببەستێت.