پەرلەمانی ئێران بە ئۆنڵاین کۆدەبێتەوە
پەرلەمانی ئێران بە شێوەی ئۆنلاین بۆ تاوتوێکردنی قەیرانی سووتەمەنی و کێشەی وزە لە وڵاتەکەدا کۆدەبێتەوە.
عەباس گودەرزی، گوتەبێژی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران، رایگەیاند، بەیانیی رۆژی یەکشەممە، 7ـی حوزەیرانی 2026، دووەم کۆبوونەوەی پەرلەمان لە سێیەم ساڵی خولی دوازدەیەم بەڕێوە دەچێت.
ئاماژەی بەوەش دا، کۆبوونەوەکە بە شێوەی ئۆنلاین دەبێت، تێیدا موحسین پاکنەژاد، وەزیری نەوت و سەقابی ئیسفەهانی، جێگری سەرۆککۆمار ئامادە دەبن.
گوتەبێژەکەی پەرلەمان، روونیشی کردەوە، ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی سیاسەت و هەنگاوەکانی حکوومەتە بۆ سەقامگیرکردنی پرۆسەی دابینکردن و دابەشکردنی سووتەمەنی.
ئەوەشی خستەروو، کار بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی خەڵک و تێپەڕاندنی قەیرانی وزە بە کەمترین فشار لەسەر کۆمەڵگە دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی ئێران لەم خولەدا، رۆژی یەکشەممە 31ـی ئایار بە سەرۆکایەتیی محەممەدباقر قالیباف لە شوێنێکی نادیاردا بەڕێوەچوو، تێیدا ئەندامانی نوێی دەستەی سەرۆکایەتی سوێندی یاساییان خوارد.
لەو کۆبوونەوەیەدا، قالیباف جەختی لە وەدەستهێنانی مافەکانی وڵاتەکەی کردەوە بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا، رایگەیاند، تا دڵنیا نەبنەوە مافی گەلی ئێران دابین دەکرێت، هیچ رێککەوتنێک پەسەند ناکەن.