عێراق دەنگۆی پێدانی باج لە گەرووی هورمز رەتدەکاتەوە
بەغدا دەنگۆی پێدانی باج بە تاران بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکانی لە گەرووی هورمز رەتدەکاتەوە و بەرپرسێکی باڵای ئەمنیش جەخت دەکاتەوە، کێشەی سەرەکیی پرۆسەی هەناردەکردنەکە نەبوونی کەشتیی تایبەتە لەلایەن عێراقەوە، نەک رێکارەکانی ئێران.
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە پێدانی تێچووی تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز لەلایەن بەغداوە دەکەن.
ئەعرەجی، رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشتر بە فەرمی بڕیاری داوە عێراق لە رێوشوێنەکانی تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز ببهخشرێت. ئەوەشی خستە روو، هەر دەنگۆیەک لەسەر پێدانی پارە یان باج لەلایەن عێراقەوە بۆ تێپەڕبوون لە گەرووەكە، بانگەشەیەکی پووچەڵە و دوورە لە راستییەوە.
لە مانگەکانی نیسان و ئایاری ئەمساڵدا، تەنیا سێ کەشتیی نەوتهەڵگری عێراق توانیویانە بە گەرووی ھورمزدا تێپەڕن. هەرچەندە ئێران رێگەی بە کەشتییەکانی عێراق داوە، بەڵام کێشەی سەرەکیی بەغدا ئەوەیە خاوەنی کەشتیی گواستنەوەی تایبەت بە خۆی نییە، بەڵکوو بۆ هەناردەکردن پشت بە کەشتییە بیانییەکان دەبەستێت.
لە لایەکی دیکەوە، کۆمپانیا گەورەکانی گواستنەوەی دەریایی جیهان بەهۆی مەترسیی هێرشەکان، بەرزبوونەوەی تێچووی بیمە و گەمارۆکان، ئامادە نین کەشتییەکانیان بنێرنە ناوچەکە، ئەمەش هۆکاری سەرەکیی پەککەوتنی گواستنەوەی نەوتی عێراقە لەو دەروازەیەوە.