دەیان ئەکتەری تورک بە هۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیر کران

داواکاری گشتیی ئیستانبوڵ، ئامارێکی مەترسیداری لە بارەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە نێو ناودارانی تورکیادا ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "کە ئەنجامی پشکنینی زۆرینەیان (پۆزەتیڤ) بووە."

هەینی، 10ـی نیسانی 2026، فاتح دونماز، داواکاری گشتیی ئیستانبوڵ رایگەیاند، ئەنجامی پشکنینەکانی ماددەی هۆشبەر بۆ 77%ـی ئەو ناودارە تورکانەی پشکنینیان بۆ کراوە، پۆزەتیڤ بووە.

ئاژانسی هەواڵی (IHA) لە زاری دونمازەوە بڵاوی کردووەتەوە، "لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی ناسراو بە 'ناوداران و ماددەی هۆشبەر'، بە گشتی 255 کەس دەستگیرکراون، 219 کەسیان وەک بەشێک لە پشکنینی پزیشکیی دادوەریی پشکنینی ماددەی هۆشبەریان بۆ کراوە، ئەنجامی پشکنینی 169 کەسیشیان پۆزەتیڤ بووە."

داواکاری گشتی هۆشداریی دا لە ئەنجامدانی دەستگیرکردنی نوێ لە ئەگەرێکدا ئەگەر زانیاری لەسەر ناوداران یان بازرگانان بگات کە تێوەگلابن لە بەکارهێنان یان بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر.

ئاماژەی بەوەش کرد، کە پۆلیس لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا نزیکەی 400 کەسی بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیر کردووە.

پۆلیسی تورکیا لە تشرینی یەکەمی 2025ـەوە بەردەوامە لە هەڵمەتەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر. لە میانی لێکۆڵینەوەکاندا، لە کاتی جیاوازدا ئەکتەر و ناسراوەکان دەستگیر کراون.

پێشتر هەر یەکە لە ئیسماعیل حاجی ئۆغڵو (ئەکتەری زنجیرە درامای "جەنەتین چۆجوکلەری") و دۆوکان گونگۆر (ئەکتەری زنجیرە درامای "کزلیجک شەربەت")، بە تۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کرابوون و رۆڵە سەرەکییەکانیان لە زنجیرە دراماکانیاندا لەدەست دابوو.