دەرگای قوتابخانە و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە

هەردوو وەزارەتی پەرەوەردە و خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، بڕیاری کۆتاییهێنان بە خوێندنی ئۆنلاین و دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابییانیان لە ناوەندەکانی خوێندن دا.

هەینی، 10ـی نیسانی 2026، هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، لە بارەی دەستپێکردنەوەی دەوام لە ناوەندەکانی خوێندن، راگەیەنراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.

بە پێی راگەیەنراوەکە، هەردوو وەزارەت بڕیاری ​دەستپێکردنەوەی دەوامی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکوومی و ناحکوومی لە هەرێمی کوردستان لەناو پۆل و کەمپەسەکان دا.

لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، رۆژی یەکشەممە 12ـی نیسانی 2026، دەوام لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن دەست پێدەکاتەوە و خوێندنی ئۆنلاین نامێنێت.

ئەم بڕیارەی هەردوو وەزارەت دوای ئەوەی دێت، کە ئەمریکا و ئیسرائیل، ئاگربەستێکی دوو هەفتەییان لەگەڵ ئێران راگەیاند و کۆتاییان بە جەنگی نێوانیان هێنا، کە ئەمەش بووە هۆی سەقامگیربوونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، گرووپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکانی عێراق، بەر لەوەی جەنگ کۆتایی پێبێت، هەمیشە هەرێمی کوردستانیان بە درۆن دەکردە ئامانج، کە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا، لە پێناو سەلامەتیی گیانی قوتابییان، دەوام لە ناوەندەکانی خوێندن رابگرن و خوێندن بکەن بە ئۆنلاین.