لە واست، هەزاران تۆن ماسی لە ناوچوون
لە پارێزگای واست بەخێوکەرانی ماسی تووشی شۆک بوون بەهۆی لەناوچوونی بەکۆمەڵ و بەرفراوانی سامانی ماسی لەناو حەوزە جێگیرکراوەکانی سەر کەناراوەکانی رووباری دیجلە.
هۆکاری رووداوەکە تێکچوونی کوالیتی ئاوی رووبارەکەیە بەهۆی تێکەڵبوونی ئاوی ئاوەڕۆی چارەسەرنەکراو و بەرزبوونەوەی رێژەی پیسبوونی ئاوی رووباری دیالەوەیە.
لەلایەکی دیکەوە و بەهۆی فراوانبوونی قەبارەی زیانەکان، لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان کردووە بە پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی مەیدانی بۆ سەرژمێریکردنی زیانەکان و دیاریکردنی هۆکارەکانی لەناوچوونی ماسییەکان. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ داواکاری بەردەوامی بەخێوکەرانی ماسی و پسپۆڕانی ژینگە بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی سەرچاوەکانی پیسبوون.
بۆ بەدواداچوونی ئەم رووداوە کە زیانی زۆری بە کەناراوەکانی واست گەیاندووە، بەتایبەتی لە حەوزەکانی شارەکانی کوت، عەزیزیە و نەعمانیە، لای خۆیەوە ڕەسوڵ کەریم ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پڕۆژەی "بەرەکە" بۆ پەروەردەکردنی ماسی لە واست گوتی: "دیمەنێکی دڵتەزێن و بەرگەنەگیراو".
رەسول کەریم دەڵێت: "ئەمە تەنیا دیمەنێک نییە، بەڵکو فاجعەیەکی جەرگبڕە. لە بەیانییەکدا کە دەبوو وەک هەموو رۆژانی دیکە کار و ماندووبوون بێت، لە خەو هەستاین و بینیمان کارەسات روویداوە. بینیمان سامانی چەندین ساڵەی خۆمان کە بە ڕەنج و شەونخونی دروستمان کردبوو لەبەردەم چاوماندا تیاچوو."
ئەو دەڵێت: "ئێمە تەنیا داوای پارووە نانێک دەکەین، بەڵام لە چرکەیەکدا بەهۆی کەمتەرخەمییەکی بکوژەوە، هەموو شتێک گۆڕا بۆ مەرگێکی بەکۆمەڵ. ئاوێکی پیس، راوەستاو و پڕ لە ژەهر لە رووباری دیالەوە بەبێ هیچ چارەسەرێک بەردرایەوە و رژایە ناو رووباری دیجلە، ئەنجامەکەشی بووە هۆی لەناوچوونی هەزاران تۆن ماسی."
بەپێی وتەی ئەیاد تالیبی، سەرۆکی کۆمەڵەی عێراقی بۆ بەرهەمهێنەرانی ماسی، بنچینەی ئەم قەیرانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی چەند رۆژێک بەر لە ئێستا لە رووباری دیالە روویداوە. تالیبی دەڵێت: "چوار رۆژ پێش لەناوچوونی ماسییەکان، ئاوێکی زۆر پیس و بۆگەن لە رووباری دیالەوە دەرچوو کە چەندین ساڵ بوو کەڵەکە ببوو. بە خێرایی لە ناوچە باکوورییەکانەوە هات و خاشاکەکەی ژێرەوەی رووبارەکەی هەژاند و رێژەی پیسبوونەکەی بە تەواوی بەرزکردەوە."
تالیبی راگەیاندووە: "دواتر ئەم ئاوە گوازرایەوە بۆ رووباری دیجلە و بووە هۆی لەناوبردنی زیندەوەرە ئاوییەکان و تووشبوونی سەدا95ـی حەوزە جێگیرکراوەکانی شاری کوت."
ناوبراو ئاماژەی بە ئامارێکی مەترسیدار کرد و رایگەیاند؛ زیانەکان لە نێوان "هەزار بۆ هەزار و 200 تۆن" ماسی دەبن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ داڕمانی نزیکەی تەواوەتی کەرتی بەرهەمهێنانی ماسی لە ناوچەیەکی بەرفراواندا. جەختیشی کردەوە ماسییە لەناوچووەکان جۆرەکانی (کارپ)، (کەراس) و هەموو زیندەوەرە ئاوییەکانی دیکەی گرتووەتەوە.
لەسەر لایەنە ئابوورییەکەش تالیبی داوا لە حکوومەت دەکات لایەنی کەمتەرخەم دەستنیشان بکات، چونکە مەترسییەکان تەنیا لەسەر بەخێوکەرانی ماسی نین، بەڵکو کاریگەرییان لەسەر هەموو ئەو کەسانە دەبێت کە ئاوی دیجلە بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ بەکاردەهێنن.
لە لایەکی دیکەوە، عامر شەفیق حەمدانی، جێگری نەقیبی پزیشکانی ڤێتێرنەری لە عێراق، خوێندنەوەیەکی مەترسیداری بۆ بابەتەکە خستەروو کە پەیوەندی بە تەندروستیی گشتییەوە هەیە.
حەمدانی رایگەیاند؛ هۆکاری پیسبوونەکە ئاوەڕۆی قورسە کە هەندێکیان کانزای قورسیان تێدایە و پاشماوەی کارگەکانن. ئەو ئاماژەی بەوە کرد، دوای بارانبارین، کانزا قورسەکانی وەک قورقوشم و کادمیۆم تواونەتەوە و خاک هەڵی مژیوون و دواتر گەڕاونەتەوە بۆ ناو رووبارەکان.
ئەو هۆشداریی دەدات و دەڵێت: "ئەم کانزایانە بە تەواوی لەلایەن جەستەی ماسییەکەوە رەت ناکرێنەوە و کاتێک مرۆڤ دەیانخوات دەگوازرێنەوە بۆ ناو جەستەی مرۆڤ، کاریگەرییەکانیشیان زوو دەرناکەون، بەڵکو دوای چەندین مانگ یان ساڵ دەردەکەون." لە کۆتاییدا جەختی کردەوە ئەگەر بسەلمێنرێت هۆکارەکە ئاوی ئاوەڕۆ بووە، نابێت بە هیچ شێوەیەک ئەم ماسییانە بخورێن چونکە مەترسییەکی گەورەن بۆ سەر تەندروستی گشتیی.