شاندی باڵای ئەمریکا بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران گەیشتە پاکستان

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 11ـی نیسانی 2026، شاندی دانوستانکاری ئەمریکا گەیشتە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی ئەو دانوستانە چاوەڕوانکراوانەی کە بڕیارە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجام بدرێن.

رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی پاکستانییەوە رایگەیاندووە، "ئەو فڕۆکەیەی شاندی دانوستانکاری ئەمریکای بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئێران هەڵگرتبوو، لە ئیسلام ئاباد نیشتەوە."

شاندەکەی واشنتن بە سەرۆکایەتیی "جەی دی ڤانس" جێگری سەرۆکی ئەمریکا و بە یاوەریی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەت و جێرد کۆشنەر گەیشتوونەتە پاکستان.

لە بەرامبەردا، شاندەکەی تاران بە سەرۆکایەتیی "محەممەد باقر قالیباف" سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەبێت، کە هەریەک لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە، عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای بەرگری و عەبدولناسر هیمەتی، پارێزگاری بانکی ناوەندی لە شاندەکەدا ئەندامن.

بڕیارە هەر ئەمڕۆ شەممە، دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران دەست پێ بکەن، ئەم هەنگاوەش دوای ئەو ئاگربەستە دێت کە بەرەبەیانی چوارشەممەی رابردوو راگەیەندرا و بووە هۆی راگرتنی ئەو جەنگەی کە لە 28ـی شوباتی رابردووەوە دەستی پێ کردبوو.