بارسێلۆنا هیوایەکی کەمی هەیە بۆ گەیشتن بە قۆناغی چارەکی کۆتایی
یانەی بارسێلۆنا لە خولی باسکەی ئەوروپا، تووشی سێیەم دۆڕانی لەسەر یەک بوو و بەم هۆیەوە، هیوای گەیشتنی بۆ قۆناغی پلەی ئۆفی خولەکە لاوازتر بوو.
لە بەردەوامی یارییەکانی گەڕی 37ـی خولی باسکەی ئەوروپا، یانەی بارسێلۆنا دوای دوو دۆڕانی لەسەر یەک، ئەمجارەیان لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی یانەی مۆناکۆی فەڕەنسی بووەوە، بارسا چارەکی یەکەمی بە ئەنجامی 26 خاڵ بەرامبەر 18 خاڵ بردەوە، بەڵام ریمۆنتادای بەسەردا کرا و یانە فەڕەنسیەکە سێ چارەکی لەسەر یەک بردەوە و لە کۆتاییدا مۆناکۆ، یارییەکەی بە ئەنجامی 93 خاڵ بەرامبەر 86 خاڵ بردەوە.
بارسێلۆنا بەم دۆڕإنە لە پلەی دەیەمی ریزبەندی مایەوە و هەنگاوێکی دیکە لە گەیشتن بە قۆناغی پلەی ئۆف دوورکەوتەوە، لە بەرامبەردا مۆناکۆ بۆ پلەی نۆیەمی ریزبەندی سەرکەوت و هەنگاوێک لە گەیشتن بە قۆناغی داهاتوو نزیککەوتەوە.
لەم یارییە کیڤێن پونتێر لە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا، بە تۆمار کردنی 27 خاڵ زۆرترین خاڵی لە یارییەکە تۆمار کرد، هەروەها لە حەوت هەوڵی هەڵدانی سێ خاڵی، شەش خاڵی بەدەستهێنا، بەڵام نەیتوانی رێگری لە دۆڕانی تیپەکەی بکات.
لە خولی باسکەی ئەوروپا هەشت یانەی پێشەوەی ریزبەندی سەردەکەون بۆ قۆناغی داهاتوو، بارسێلۆنا لە پلەی دەیەم دێت و سەرکەوتنی بۆ ئەو قۆناغە زۆر ئەستەمە، لەبەر ئەوەی تەنها یەک یارییان ماوە، ئەویش بەرامبەر یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانیایە.