فڕۆکەخانەکانی ئەوروپا: ئەگەر گەرووی هورمز نەکرێتەوە فڕۆکەخانەکانمان بێ سووتەمەنی دەبن

ئەنجوومەنی فڕۆکەخانەکانی ئەوروپا هۆشداری دەدات کە ئەگەر لە ماوەی سێ هەفتەی داهاتوودا گەرووی هورمز بە تەواوی نەکرێتەوە، فڕۆکەخانەکانی کیشوەرەکە رووبەڕووی قەیرانی سووتەمەنی فڕۆکە دەبنەوە.

ئەنجوومەنی (ACI Europe) کە نوێنەرایەتی فڕۆکەخانەکانی یەکێتی ئەوروپا دەکات، رایگەیاند کە یەدەگی سووتەمەنی فڕۆکە بەرەو نەمان دەچێت. ئاماژەی بەوەش کرد، کاریگەریی چالاکییە سەربازییەکان لەسەر خواست، گوشاری خستووەتە سەر دابینکردنی سووتەمەنی.

لە نامەیەکدا کە دەست رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز کەوتووە، رێکخراوەکە هۆشداری داوەتە ئەپۆستۆلۆس تزیتزیکۆستاس، کۆمیسیاری گواستنەوەی یەکێتی ئەوروپا و لە نامەکەدا هاتووە: "ئەگەر لە ماوەی سێ هەفتەی داهاتوودا هاتوچۆ بە ناو گەرووی هورمز بە شێوەیەکی بەرچاو و سەقامگیر دەست پێنەکاتەوە، کەمیی سووتەمەنی فڕۆکە لە تەواوی یەکێتی ئەوروپادا روو دەدات."

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە نزیکبوونەوەی وەرزی هاوین و گەشتوگوزار، کە ئابووری زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپای لەسەر بەندە، نیگەرانییەکانی زیاتر کردووە.

هەندێک وڵاتی ئاسیایی وەک ڤێتنام دەستیان کردووە بە کارپێکردنی سیستەمی "پشک" بۆ دابەشکردنی سووتەمەنی فڕۆکە، بەڵام تا ئێستا ئەوروپا تووشی کەمیی بەربڵاو نەبووەتەوە، هەرچەندە نرخی سووتەمەنی دوو هێندە زیادی کردووە و کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی هۆشدارییان لە هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان داوە.

بەگوێرەی ئاژانسی ئارگوس میدیا، رۆژی پێنجشەممە نرخی هەر تۆنێک سووتەمەنی فڕۆکە لە باکووری رۆژئاوای ئەوروپا گەیشتە 1573 دۆلار، لە کاتێکدا پێش هەڵگیرسانی جەنگی ئێران نرخەکەی نزیکەی 750 دۆلار بوو.

کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی ئەوروپا دەڵێن سووتەمەنی پێویستیان بۆ چەند هەفتەیەک هەیە، بەڵام دابینکەران ناتوانن گەرەنتی گەیاندنی سووتەمەنی بۆ مانگی ئایار  بدەن.

لە لایەکی دیکەوە، کۆتایی هەفتەی رابردوو چوار فڕۆکەخانەی ئیتاڵیا بەهۆی پەککەوتنی یەکێک لە دابینکەرە سەرەکییەکان، هەندێک سنووردارکردنیان بۆ سووتەمەنی فڕۆکە دانا، هەرچەندە ئەو کێشەیە راستەوخۆ پەیوەندی بە گەرووی هورمزەوە نەبوو. جێی ئاماژەیە گەرووی هورمز رێڕەوی گواستنەوەی نزیکەی 40%ی سووتەمەنی فڕۆکەیە لە جیهاندا.