لەندەن.. هونەرمەندێکی کورد بەشداری کۆنسێرتێکی میوزیکی جیهانی دەکات
خەبات عەباس، خانمە میوزیکژەنی کورد، بەشداری کۆنسێرتێکی جیهانی لەژێر ناوی "ئاسمانێکی تر"، لە لەندەن لە کافێ ئۆتۆ دەکات.
یەکشەممە، 12ی نیسانی 2026، خەبات عەباس، خانمە میوزیکژەنی کورد، دەربارەی بەشداریکردنی لەو کۆنسێرتە جیهانییە بە کوردستان24ی گوت، "بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە، بەشدارم وەک یەکێک لە هونەرمەندانی پڕۆژەی میوانداری هونەرمەندانی ئاسمانی تر، کە بۆمن دەرفەتێکی تایبەت و گرنگە، هەروەها ئەم پڕۆژەیە کە بە مەبەستی پشتگیری و گەشەپێدانی هونەری نوێ رێکخراوە، کۆمەڵێک هونەرمەندی ناودار و بەهرەدار دەگرێتەوە."
خەبات عەباس گوتیشی، "لە ماوەی ئەم خولە هونەرییەدا، من نزیکبوونەوەی تەواوم لەگەڵ هونەرمەندی کوردی هەردی کوردە ئەنجام داوە، کە بە یەکێک لە میوزیکژەنە ئەزموونی و هاوچەرخیەکاندا ناسراوە. هەروەها ئەم هاوبەشکارییە رێگایەکی گرنگ بووە بۆ گۆڕینی بیرۆکە و دروستکردنی کارێکی نوێی هاوبەش."
ئەو خانمە میوزیکژەنە باس لەو پارچە میوزیکە دەکات کە لە کۆنسێرتەکە پێشکەشی دەکات و دەڵێت، "من بە پڕۆژەیەکی نوێ بەشداری لەو کۆنسێرتە دەکەم، پارچەیەک لە میوزیکم ئامادە کردووە کە خۆم دروستم کردووە و لە چوارچێوەی پڕۆژەی ئاسمانێکی تردا دروستکراوە، بە شێوەی پێشکەشکردنی سەرەتایی بۆ یەکەمجار پێشکەشی دەکەم، هەروەها ئەم کارە بەشێکی تایبەتی ئەم پڕۆژەیە و هێشتا لە قۆناغی گەشەپێدان و پەرەپێدان دایە."
خەبات عەباس ئاماژەی بەوەش دا، "ئەو کۆنسێرتە جیهانییە، دەبێتە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بۆ خۆشەویستانی مۆسیقا و هونەری نوێ، و هەروەها دەرفەتێک دەبێت بۆ بینینی قۆناخێکی نوێ لە گەشەی کارەکانی من، کە بەردەوام هەوڵ دەدەم نوێگەری لە میوزیک دا بکەم."
شایەنی باسە، ئەو کۆنسێرتە جیهانییە، بڕیارە 19ی نیسانی 2026، لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، لە کافێ ئۆتۆ بەڕێوەبچێت، کە ئەو کافێیە یەکێکە لە گرنگترین ناوەندەکانی مۆسیقا و هونەری ئەزموونی لە شاری لەندەن.
خەبات عەباس، خانمە میوزیکژەنی کورد، خەڵکی شاری سلێمانییە و دانیشتووی وڵاتی بەریتانیایە. تا ئێستا بەشداری چەندین کۆنسێرتی جیهانی کردووە و چەندین نۆتەی میوزیکی تایبەت بەخۆی دروستکردووە.