لە خولی ئەڵمانیا بۆ یەکەمجار ئافرەتێک دەبێتە راهێنەر
یانەی یۆنیەن بەرلینی ئەڵمانیا لە پێشهاتێکی نوێی و مێژوویی، ماری لویز ئێتای خانمە راهێنەری وەکو راهێنەری نوێی یانەکەی دەست نیشانکرد، ئەویش لە پێناو ئەوەی یانەکەیان لەو دۆخە قورسە رزگار بکات.
دوای زنجیرەیەک ئەنجامی لاواز، یانەی یۆنیەن بەرلینی ئەڵمانیا بڕیاریدا راهێنەری یانەکەی دووربخاتەوە و لە پێناو مانەوە لە خولی ئەڵمانیا، خانمە راهێنەر ماری لویز ئێتای وەکو راهێنەری یانەکەی دەست نیشانکرد. یەکەمجارە لە مێژووی خولی ئەڵمانیا خانمە راهێنەرێک ئەرکی راهێنەرایەتی تیپێکی پیاوان وەردەگرێت.
ماری پێشتر راهێنەری تیپی خوار 19 ساڵانی پیاوانی یۆنیەن بەرلین بووە و بە شێوەیەکی کاتی و لە پێناو هێشتنەوەی یانەکەی لە بۆندزلیگا، ئەرکی راهێنەرایەتی تیپی یەکەمی یانەکەی وەرگرتووە. ئەو خانمە راهێنەرە پێنج یاری دەرفەتی ئەوەی هەیە کە یانەکەی لە خولی ئەڵمانیا بهێڵتەوە.