نێیمار خەریکە دەگەڕێتەوە سەر ئاستی راستەقینەی

نێیمار
نێیمار

نێیمار داسیلڤا ئەستێرەی یانەی سانتۆسی بەڕازیلی، لە یاری بەرەبەیانی ئەمڕۆ 12ـی نیسانی 2026، توانی سەرکردایەتی بردنەوەی یانەکەی بەرامبەر ئاتلێتیک مینیێرۆ بکات، دوای یارییەکەش هەڵمەتێکی گەورە دەست پێبووە بۆ بانگهێشتکردنەوەی ئەو یاریزانە بۆ هەڵبژاردەی بەڕازیل.

سانتۆن ئەم یارییەی بە ئەنجامی 1-0 لە میوانەکەی بردەوە، تاکە گۆڵی یارییەکەش مۆیسیس لە خولەکی 63 چەند خولەکێک دوای هاتنە ناو یاریگا تۆماری کرد. هەرچەندە نێیمار لەم یارییە هیچ گۆڵ و ئاسیستێکی نەکرد، بەڵام چەندان دەرفەتی گۆڵ کردنی بۆ هاورێکانی دروستکرد و هیچ کامێکیان نەیانتوانی سوودی لێوە ببینن.

نێیمار بە پێشکەش کردنی ئاستێکی باش لەو یارییە، رەنگە کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری ئیتاڵی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە بڕیارەکەی پاشگەز بکاتەوە و ئەو یاریزانە بۆ مۆندیالی 2026 بانگهێشت بکات. هەرچەندە راهێنەرە ئیتاڵیەکە دەرفەتی بۆ نیمۆ هێشتووە و بڕیاری کۆتایی نەداوە.

ئانچێلۆتی لە دوو یارییە دۆستانەکەی رابردوو بەرامبەر فەڕەنسا و کڕواتیا، نێیماری بانگهێشتی هەڵبژاردەی بەڕازیل نەکرد و زۆرێکیش لەو بڕوایەدان ئەو یاریزانە بانگهێشتی مۆندیالی 2026 ناکرێت، بەڵام بە پێشکەش کردنی ئەو ئاستەی پێشکەشی کرد، رەنگە چانسی ئەوەی هەبێت بەشداری مۆندیالی داهاتوو بکات.