راوێژکاری رێبەری ئێران: کلیلەکانی گەرووی هورمز لای ئێمەیە

عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی رایگەیاند، وڵاتەکەی کلیلەکانی گەرووی هورمزی لەدەستدایە و جەختی لە ئامادەیی تاران بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی گەلی ئێران کردەوە.

عەلی ئەکبەر ویلایەتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: مێژووی دیپلۆماسییان لەسەر بنەمای پاراستنی خاکی ئێران داڕێژراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە خاوەنی کلیلەکانی گەرووی هورمزین و لە کۆنترۆڵکردنی ئەو گەرووەوە تاوەکو بەدواداچوون بۆ قەرەبووەکانی جەنگ، بەرگری لە مافەکانی گەلی وڵاتەکەمان دەکەین."

ئەمە لەکاتێکدایە، دوای جەنگی 40 رۆژە دوێنێ هەردوو شاندی ئێران و ئەمریکا لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بۆ ئاگربەست کۆبوونەوە، بەڵام دوای 21 کاتژمێر لە دانوستان نەگەیشتنە هیچ رێککەوتنێک و هەردوولا پاکستانیان جێهێشت.

لە دوای 28ـی شوباتەوە کاتێک لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هێرشکرایە سەر ئێران، تاران گەرووی هورمزی بەرووی کەشتییەکاندا داخست، بەمەش جیهان تووشی قەیرانی سووتەمەنی بووەوە، چونکە لە %25ـی نەوتی جیهانی و لە  %20ـی گازی شلی جیهان بەم گەرووەدا تێپەڕدەبێت.