مەهاجەرانی: بەهۆی جەنگەوە زیاتر لە 125 هەزار شوێنی مەدەنی زیانیان بەرکەوتووە
فاتیمە مەهاجەرانی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران، ئاماری زیانەکانی کەرتی تەندروستی بەهۆی جەنگەوە راگەیاند و ئاشکرای کرد، 26 کارمەندی تەندروستی کوژراون و سەدان ناوەند و بنکەی تەندروستیش زیانیان پێگەیشتووە.
مەهاجەرانی ئەمڕۆ یەکشەممە 12ـی نیسانی 2026، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە تاران ئامارێکی نوێی زیانەکانی جەنگی ئاشکرا کرد و گوتی: "125 هەزار و 640 شوێنی مەدەنی زیانیان بەرکەوتووە، کە نزیکەی 100 هەزاریان یەکەی نیشتەجێبوونن لەگەڵ 23 هەزار و 500 شوێنی بازرگانی."
هەر لە بارەی زیانە گیانی و ماددییەکانی کەرتی تەندروستی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران گوتی: "26 کارمەندی تەندروستی کوژراون و 226 نۆرینگە و 49 بنکەی تەندروستی لە هێرشەکاندا زیانیان پێگەیشتووە".
گوتیشی "339 ناوەندی چارەسەر، لە نێویاندا نەخۆشخانە، دەرمانخانە، تاقیگە، ناوەندی تەندروستی و فریاکەوتن زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها 942 قوتابخانە زیانیان بەرکەوتووە، کە 18 قوتابخانەیان %100 وێران بوونە، قوتابخانەکانی دیکەش بە رێژەی جیاوازی زیانیان بەرکەوتووە و لە دوو تا سێ مانگی دیکە نۆژەن دەکرێنەوە".
هەر بە گوتەی مەهاجەرانی، "55 ناوەندی فریاکەوتن زیانیان بەرکەوتووە، کە چوار بنکەیان بە تەواوی وێران بوون، هاوکات 41 ئەمبوڵانس زیانیان پێگەیشتووە کە 10 ئەمبولانیشیان بە تەواوەتی وێران بوو. هەروەها سێ پاسی فریاگوزاری، دوو هێلیکۆپتەری فریاکەوتن و ئەمبوڵانسێکی دەریایی، کە خزمەتی دانیشتووانی دوورگەکانی باشووری ئێرانی دەکرد، زیانی پێگەیشتووە".
بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.
بەرەبەیانی چوارشەممە، 8ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، کۆتایی بە جەنگی 39 رۆژە لەگەڵ ئێران هێنا و بۆ ماوەی دوو هەفتە ئاگربەستی راگەیاند.