تا ئێستا تەرمی زیاتر لە سێ هەزار کوژراوی جەنگ رادەستی خانەوادەکانیان کراونەتەوە
سەرۆکی رێکخراوی پزیشکی دادی ئێران ئاشکرای کرد، تا ئێستا ناسنامەی سێ هەزار و 375 کوژراوی جەنگی سەپێندراو ناسراوەتەوە و تەرمەکانیان رادەستی کەسوکاریان کراوەتەوە و زیاتر لە %52ـی قوربانییەکان لە تەمەنی گەنجاندا بوون.
عەباس مەسجدی، سەرۆکی رێکخراوی پزیشکی دادی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی نیسانی 2026، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەرانی رێکخراوەکە ئاماری قوربانیانی ئاشکراکرد و رایگەیاند، بەشێک لەوانەی لە جەنگی سەپێندراودا کوژراون و ناسنامەیان ئاشکرابووە، دوو هەزار و 875 قوربانی لە رەگەزی نێر و 496 قوربانی لە رەگەزی مێ بوون، لە نێویاندا حەوت منداڵی تەمەنی خوار یەک ساڵە هەن، هەروەها 255 منداڵی تەمەن یەکساڵ بۆ 12 ساڵ، 121 منداڵی دیکەی تەمەنیان لە نێوان 13 بۆ 18 ساڵ تۆمارکراوە.
هەر بە گوتەی مەسجدی، هەزار و 761 کوژراویش تەمەنیان لە 19 بۆ 40 ساڵیە، 906 کوژراوی دیکەش تەمەنیان لە 41 بۆ 60 ساڵە و 223 کوژراویش لە سەرووی 61 ساڵیەوەن.
مەسجدی ئاشکراشی کرد، زۆربەی کوژراوەکان خەڵکی ئێرانن، بەڵام بەشێکیان، خەڵکی وڵاتانی ئەفغانستان، سووریا، تورکیا، پاکستان، چین، عێراق و لوبنانیشی تێدایە، زۆریەی کوژراوەکان لە پارێزگاکانی تاران، هورمزگان و ئیسفەهان تۆمارکراون.
ئاماژەشیداوە، بەشێکی کوژراوەکان لە رێگەی پشکنینی DNAـەوە ناسراونەتەوە و تەرمەکانیان رادەستی کەسوکاریان کراوەتەوە.