ئۆجەلان بۆ شاندی ئیمراڵی: سەڵاحەدین دەمیرتاش کارێکتەرێکی گرنگی پرۆسەی ئاشتییە
بەگوێرەی زانیاریی میدیاکانی تورکیا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بە شاندی ئیمراڵی راگەیاندووە، سەڵاحەدین دەمیرتاش کارێکتەرێکی کاریگەر و گرنگی پرۆسەی ئاشتییە و پێویستە بە دڵنیاییەوە لە نێو پرۆسەکەدا جێگەی بکرێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕێکی تورکی بڵاوی کردووەتەوە، توانیویانە دەستیان بگات بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی 27ـی ئاداری نێوان ئۆجەلان و شاندی "دەم پارتی". بەگوێرەی زانیارییەکان، لەو کۆبوونەوەیەدا باسی دۆخی سەڵاحەدین دەمیرتاش کراوە و ئاماژە بەوە دراوە کە هەرچەندە ناوبراو لە ساڵی 2024 دا وازهێنانی خۆی لە سیاسەتی ئەکتیڤ راگەیاندووە، بەڵام بەردەوامە لە پشتیوانیکردن لە پرۆسەی ئاشتی.
ئۆجەلان بە شاندەکەی راگەیاندووە، "بوونی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە پرۆسەکەدا زۆر گرنگە، پێویستە دەم پارتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەمیرتاش رێک بخاتەوە و ئەگەر پێویستیش بوو، با دەم پارتی داوای لێبووردنی لێ بکات." ئۆجەلان ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە دۆخی دەمیرتاش لە کۆبوونەوەکانی ئەودا لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا هاتووەتە بەرباس.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، چاوەڕوان دەکرێت شاندی ئیمراڵی لە ماوەیەکی نزیکدا سەردانی زیندانی ئەدیرنە بکەن و لەوێ لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش کۆببنەوە.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە، نزیکەی 10ساڵە لە زینداندایە، سەرەڕای ئەوەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا و دادگای دەستووری تورکیا چەندین جار بڕیاری ئازادکردنی دەمیرتاشیان داوە، بەڵام حکومەتی تورکیا تاوەکو ئێستا ئامادە نییە بڕیارەکان جێبەجێ بکات.