ئینستاگرام تایبەتمەندییەکی نوێی زیاد کرد

 لەمەودوا بەکارهێنەرانی ئینستاگرام دەتوانن لە ماوەی 15 خولەکدا دەقی کۆمێنتەکانیان بگۆڕن.

کۆمپانیای "مێتا" کە خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئینستاگرام"ـە، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، تایبەتمەندییەکی نوێیان خستووەتە کار بۆ ئەوەی بەکارهێنەران بتوانن دەستکاریی کۆمێنتەکانیان بکەن.

بەپێی راگەیەنراوە فەرمییەکە، هەر کاتێک کۆمێنتێکت بڵاو کردەوە، تەنیا 15 خولەکت لە بەردەستدایە بۆ گۆڕینی دەقەکە. لەو ماوەیەدا دەتوانیت بێ سنوور بژاردەی دەستکاریکردن بەکاربهێنیت و هەڵەی رێنووسی یان رستەکانت چاک بکەیتەوە.

 کۆمپانیاکە روونیشی کردەوە، تایبەتمەندییەکە قۆناغ بە قۆناغ لەسەر ئاستی جیهان بەردەست دەبێت و رێگە دەدات راستەوخۆ دوای بڵاوکردنەوەی کۆمێنتەکان، دەستکاری بكرێن.

 هەرچەندە ئینستاگرام لە مێژە رێگەی بە دەستکاریکردنی پۆستەکان دەدا، بەڵام تاوەکوو ئێستا نەدەتوانرا کۆمێنتەکان دەستکاری بکرێن.

بۆ جێبەجێکردنی ئەمەش، بەکارهێنەر دەتوانێت کرتە لە بژاردەی (Edit)ـی نوێ بکات لە خوارەوەی کۆمێنتە بڵاوکراوەکە دەردەکەوێت، پاشان پەنجەرەیەک دەکرێتەوە بۆ دەستکاریکردنی دەقەکە.

کۆمپانیاکە روونیشی کردەوە، گۆڕانکارییەکە تەنیا بۆ دەقە، واتە ئەگەر وێنە لە کۆمێنتەکەدا هەبێت ناتوانیت بیگۆڕیت. هەروەها نیشانەیەکی خۆڵەمێشی بەسەر کۆمێنتەکەوە دەردەکەوێت بۆ ئەوەی دیار بێت دەستکاری کراوە، بەڵام کەسانی تر ناتوانن دەقە کۆنەکە ببینن و تەنیا دەقە نوێیەکە دەخوێننەوە.

ئەم هەنگاوەی ئینستاگرام دوای زیاتر لە 10 ساڵ چاوەڕوانی دێت. بەرنامەکە لە ساڵی 2014ـەوە رێگەی دەدا دەستکاریی نووسینی سەر پۆستەکان بکرێت، بەڵام کۆمێنتەکان نەدەگۆڕدران. ئێستا ئەم کێشەیە بە یەکجاری چارەسەر بوو و بەکارهێنەران کۆنتڕۆڵی زیاتریان بەسەر نووسینەکانیاندا دەبێت.