دانەگاز دەستپێکردنەوەی کارەکانی لە کێڵگەی کۆرمۆر راگەیاند

کۆمپانیای "دانەگاز" دەستپێکردنەوەی تەواوەتی کارەکانی لە کێڵگەی گازی "کۆرمۆر" لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.

ئەمڕۆ دووشەممە 13ـی نیسانی 2026، کۆمپانیای "دانەگاز"ـی ئیماراتی، لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، کارە ئاساییەکانیان لە دامەزراوەی کێڵگەی گازی "کۆرمۆر" لە سنووری قەزای چەمچەماڵ دەستپێکردووەتەوە.

بەپێی راگەیەنراوەکە، دەستپێکردنەوەی کارەکانی کۆمپانیاکە، دوای ئەوە دێت لە چەند هەفتەی رابردوودا کارکردن لە کێڵگەکە بەشێوەی پچڕپچڕ بەڕێوەدەچوو.

کۆمپانیاکە جەختی لەوەش کردووەتەوە، لەو ماوەیەی کارەکان بەشێوەیەکی ئاسایی نەبوون، بە هەماهەنگییەکی توندوتۆڵ لەگەڵ لایەنەکانی حکوومەت، رێوشوێنی کارپێکردنی زۆر وریایانە و پارێزراویان گرتووەتەبەر.

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوە دا، لە کاتی گرتنەبەری ئەو رێوشوێنانەدا، کاری لەپێشینەیان بریتی بووە لە پاراستنی سەلامەتیی گیانی کارمەندەکانیان و هەروەها پاراستنی دامەزراوە و سەرمایەی کێڵگەکە.

کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری شارۆچکەی چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی و بە یەکێک لە گەورەترین کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی گاز لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەژمار دەکرێت. 

کۆمپانیای پیرڵ پەترۆڵیۆم بە هاوبەشی لەگەڵ دانەگاز سەرپەرشتیی بەرهەمهێنان لەم کێڵگەیە دەکات و سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی گازە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ناوخۆدا.

لە چەند ساڵی رابردوودا بەتایبەتی لە ساڵانی 2023 و 2024، کێڵگەکە چەندین جار رووبەڕووی هێرشی درۆن و مووشەک بووەوە. یەکێک لە هێرشە سەختەکان لە مانگی نیسانی ساڵی 2024 رووی دا، تێیدا چوار کارمەندی بیانی گیانیان لەدەست دا و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون. 

بەهۆی ئەو هێرشانەوە چەندین جار کارکردن لە کێڵگەکە راگیراوە و کاریگەریی گەورەی لەسەر کەمبوونەوەی پێدانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دروست کردووە.