بۆ یەکەمجار لە مێژوودا ئافرەتێک دەبێتە فەرماندەی سوپای ئوسترالیا
لە هەنگاوێکی مێژووییدا، حکوومەتی ئوسترالیا بۆ یەکەمجار لە مێژووی 125 ساڵەی سوپای وڵاتەکەیدا ئافرەتێکی وەک فەرماندەی گشتی هێزی وشکانی دەستنیشان کرد، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانێک بۆ زیادکردنی رۆڵی ئافرەتان لە نێو دامەزراوە سەربازییەکاندا.
دووشەممە 13ی نیسانی 2026، حکوومەتی ئوسترالیا رایگەیاند، لیوا سوزان کۆیل، کە ئێستا سەرۆکی بەشی توانا هاوبەشەکانە، لە مانگی تەمموزدا وەک فەرماندەی سوپا دەستبەکار دەبێت و لە شوێنی لیوا سایمن ستوارت دادەنرێت بە مەش بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەو وڵاتەدا ئافرەتێک دەبێتە فەرماندەی سوپا.
دیاریکردنی سوزان کۆیل لەکاتێکدایە کە دامەزراوە سەربازییەکانی ئوسترالیا کار دەکەن بۆ زیادکردنی رێژەی ئافرەتان لە ریزەکانیاندا، هاوکات سوپای ئەو وڵاتە رووبەڕووی شەپۆلێک لە تۆمەتی هەراسانکردنی سێکسی و جیاکاری بووەتەوە.
لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا، سکاڵایەکی یاسایی بەکۆمەڵ دژی هێزە بەرگرییەکانی ئوسترالیا تۆمارکرا، کە تێیدا تۆمەتبار کرابوون بەوەی نەیانتوانیوە پارێزگاری لە هەزاران ئەفسەری ئافرەت بکەن بەرانبەر دەستدرێژی و جیاکاری رێکخراو.
ئەنتۆنی ئەلبانیزی، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا لەوبارەیەوە رایگەیاند: "لە مانگی تەمموزەوە، بۆ یەکەمجار لە مێژووی 125 ساڵەی سوپای ئوسترالیادا، یەکەم فەرماندەی ئافرەتمان دەبێت." لای خۆشیەوە، ریچارد مارلس، وەزیری بەرگری ئوسترالیا، ئەم هەنگاوەی بە "ساتێکی مێژوویی قووڵ" ناوبرد.
سوزان کۆیل تەمەنی 55 ساڵە و لە ساڵی 1987ـەوە چووەتە نێو ریزەکانی سوپاوە و چەندین پۆستی باڵای فەرماندەیی هەبووە. وەزیری بەرگری دەڵێت، کۆیل دەبێتە یەکەم ئافرەت کە سەرکردایەتی لقێکی سەرەکی هێزە چەکدارەکان بکات.
ئافرەتان نزیکەی 21%ی هێزە بەرگرییەکانی ئوسترالیا (ADF) پێکدەهێنن و 18.5%ی پۆستە باڵاکانی سەرکردایەتییان بەدەستەوەیە. ئامانجی وڵاتەکە ئەوەیە تاوەکو ساڵی 2030 رێژەی بەشداری ئافرەتان بۆ 25% بەرز بکاتەوە.