راوێژکاری ئەڵمانیا: ئابووریی وڵاتەکەمان بەدەست لێکەوتەکانی جەنگی ئێرانەوە دەناڵێنێت

فریدریک مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، جەنگی ئێران بووەتە هۆی دروستبوونی کێشەی گەورە لە ناوخۆی ئەڵمانیا و هۆشداریشی دا، شوێنەوارە خراپەکانی ئەم جەنگە بۆ ماوەیەکی درێژ لەسەر ئابووری وڵاتەکەی دەمێننەوە.

دووشەممە 13ـی نیسانی 2026، فریدریک مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا، رایگەیاند، بۆ کەمکردنەوەی باری گرانی سەر شانی هاووڵاتیان کە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانەوە دروستبووە، راوێژکاریی ئەڵمانیا بڕیاری داوە باجی وزە لەسەر سووتەمەنی کەم بکاتەوە، بە گوێرەی بڕیارەکە، بۆ ماوەی دوو مانگ باجی سەر هەر لیترێک بەنزین و گازوایل بە بڕی 0.17 یۆرۆ کەمدەکرێتەوە.
مێرتز لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئێمە بۆ ماوەیەکی درێژ هەست بە لێکەوتەکانی ئەم جەنگە دەکەین، تەنانەت دوای کۆتایی هاتنی جەنگەکەش"، ئاماژەی بەوەش کرد، ئابووری ئەڵمانیا رووبەڕووی ئاڵێنگەرییەکی قورس بووەتەوە بەهۆی ئەو قەیرانی وزەیەی کە جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستی کردووە.

راوێژکاری ئەڵمانیا جەختی کردەوە، بەرلین هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی کۆتایی بەم جەنگە بهێنرێت و ئارامی بۆ ناوچەکە و بازاڕەکانی جیهان بگەڕێتەوە.

ئەم هەنگاوانەی حکوومەتی ئەڵمانیا لە کاتێکدایە، بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا و مەترسییەکانی سەر گەرووی هورمز، نرخی نەوت و وزە لە بازاڕە جیهانییەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو رووی لە بەرزبوونەوە کردووە.