دڵزار شەنگە سروودی "خۆری ئازادی" بڵاوکردەوە

دڵزار شەنگە، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، نوێترین سروودی لەژێر ناوی "خۆری ئازادی" لە چەناڵی یوتیوب بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی نیسانی 2026، قادر ئەسعەد، هونەرمەندی ناسراوی کورد، کە خۆی تێکستی سروودەکەی نووسیوە بە کوردستان24ی گوت، " سروودی "خۆری ئازادی" لە تێکستی منە، گۆرانیبێژ دڵزار شەنگە بەدەنگی خۆی سروودەکەی گوتووە، لەلایەن زیرەک سەباح کاری وێنەگرتن و دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆ کلیپەکە کردووە.

قادر ئەسعەد گوتیشی، " ئەم بەرهەمە وەک رێزێکە بۆ پێشمەرگە و شەهیدەکانمان کە ژیانی خۆیان بۆ ئازادیی ئەم وڵاتە پیرۆزە بەخشی، هەر بۆیە شەهیدەکانمان بۆ هەمیشە لە خاکمان و بیرەوەریمان و دڵەکانماندا دەژین و بەبەرزی لێیان دەڕوانین و رێزیان لێدەگرین و هەمیشە لە یادماندا دەبن.

قادر ئەسعەد، لەساڵی 1967 لە هەولێر لەدایکبووە. ناوبراو چەندین شیعری نیشتیمانی و عاشقانەی داوە بە هونەرمەندان. هەروەها دڵزار شەنگە، یەکێکە لە هونەرمەندە گەنجەکانی شاری هەولێر، خاوەنی چەند بەرهەمێکی گۆرانی تۆمارکراوە.