دەستەی دەریاوانی بەریتانیا: لە جێبەجێکردنی گەمارۆیی دەریایی ئاگادار کراینەوە
دەستەی دەریاوانی بەریتانیا (UKMTO) دەستپێکردنی گەمارۆیەکی دەریایی هەمەلایەنەی بۆ سەر سەرجەم بەندەر و وێستگە نەوتییەکانی ئێران راگەیاند، کە تێیدا هاتوچۆی هەر کەشتییەک بە ئاڵای هەر وڵاتێک بێت بۆ ناوچە کەناراوەکانی ئێران قەدەغە کراوە.
ئاژانسی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) رایگەیاند، لە کاتژمێر 14:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 13ـی نیسانی 2026، بە کاتی جیهانی (UTC)، ئاگادار کراینەوە بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆ بۆ سەرجەم بەندەر و کەناراوەکانی ئێران چووە بواری جێبەجێکردنەوە و گەمارۆیەکی توند بەسەر ناوچەکەدا سەپێنراوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمی ئاژانسی UKMTO، ئەم سنووردارکردنانە بە شێوەیەکی فراوان ناوچە ستراتیژییەکانی کەنداو دەریای عومان و گەرووی هورمز دەگرێتەوە. بڕیارەکە رێگری تەواو دەکات لە چوونە ناوەوەی هەر کەشتییەک بۆ ناو بەندەرەکان و ناوچە کەناراوەکانی ئێران.
ئاژانسە بەریتانییەکە جەختی کردووەتەوە "سزاکان و سنووردارکردنی هاتوچۆ بەبێ جیاوازی بەسەر سەرجەم ئەو کەشتییانەدا جێبەجێ دەکرێت کە ئاڵای هەر وڵاتێکی جیهانیان پێوە بێت، ئەگەر بێت و بیانەوێت لە بەندەرەکان، وێستگەکانی گواستنەوەی نەوت، یان هەر دامەزراوەیەکی کەناراو لە ناو خاکی ئێران نزیک ببنەوە."
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فەرمانی گەمارۆدانی دەریایی ئێرانی دەرکرد و هۆشداری دا کە هەر کەشتییەک لە پێشێلی ناوچەی گەمارۆکە بکات، رووبەڕووی توندترین کاردانەوە دەبێتەوە.
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) رایگەیاند، لە ئەمڕۆ دووشەممە 13ـی نیسانی 2026، بە فەرمی دەست دەکات بە جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی بەسەر سەرجەم ئەو کەشتیانەی دەچنە نێو بەندەرەکانی ئێران یان لێیان دەردەچن، ئەمەش وەک وەڵامێکی راستەوخۆ بۆ شکستی دانوستانەکان.
سێنتکۆم لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە کاتژمێر 17:00ـی ئەمڕۆ دووشەممە ، هێزەکانیان دەست دەکەن بە جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی بەسەر هەموو جۆرە کەشتییەکان لە بەندەرەکانی ئێران.