ئەکسیۆس: ئەمریکا داوای راگرتنی 20 ساڵ پیتاندنی یۆرانیۆمی لە ئێران کردووە
ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسانی ئەمریکی و سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە، لە دانوستانەکانی ئەم دواییەی پاکستاندا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا مەرجی 20ساڵ راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆمی خستووەتە بەردەم ئێران، بەڵام تاران تەنیا ئامادەیە بۆ ماوەیەکی کەمتر لە 10 ساڵ پیتاندن رابگرێت؛ ئەم ناکۆکییە قووڵەش رێگر بووە لە گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی پێش وادەی کۆتاییهاتنی ئاگربەست لە 21ـی نیسان.
دووشەممە 13ـی نیسانی 2026، بەپێی راپۆرتەکەی ئەکسیۆس، پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم و چارەنووسی کۆگاکانی ئێران گەورەترین گرێکوێرەی دانوستانەکەی کۆتایی هەفتەی رابردوو بووە لە ئیسلام ئاباد. ئەمریکا داوای کردووە ئێران لانیکەم بۆ 20 ساڵ پیتاندن رابگرێت و تەواوی کۆگای یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەشی بۆ دەرەوەی وڵات بگوازێتەوە.
لە بەرانبەردا، ئێران پێشنیاری کردووە کە ماوەی راگرتنەکە کەمتر بێت و لەبری ناردنە دەرەوەی یۆرانیۆمەکە، لە نێوخۆدا و لەژێر چاودێریدا خەستییەکەی کەم بکرێتەوە
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە شاندی ئێرانی وا هەستیان کردووە لە رێککەوتن نزیکن، بەڵام کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، کە تێیدا ئێرانی بە شکستی گفتوگۆکان تۆمەتبار کرد و گەڕانەوەی شاندەکەی بۆ واشنتن راگەیاند، ئێرانییەکانی توشی شۆک و توڕەیی کردووە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئاشکرای کرد، ڤانس لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پێی راگەیاندووە مەرجی سەرەکی ئەوان نەهێشتنی پیتاندنە بۆ چەندین دەیەی داهاتوو.
سەرەڕای بنبەستەکە، ناوبژیوانانی پاکستان، میسر و تورکیا بەردەوامن لە هەوڵەکانیان. هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، رایگەیاندووە کە هەردوولا لەسەر بنەمای ئاگربەست جددین و پێشنیازی کردووە ئاگربەستەکە بۆ 45 تا 60 رۆژی دیکە درێژ بکرێتەوە تاوەکو دەرفەت بۆ دیپلۆماسی بمێنێتەوە.
فیدان هۆشداری دا کە ئەگەر پرسی پیتاندن ببێتە "هەموو شتێک یان هیچ"، ئەوا پرۆسەی ئاشتی رووبەڕووی ئاستەنگی مەترسیدار دەبێتەوە.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران وەک ئامرازێکی فشار بۆ ناچارکردنی تاران بە قبوڵکردنی مەرجە ئەتۆمییەکانی واشنتن.