ئیسرائیل کوژرانی 250 سەرکردە و چەکداری حزبوڵا رادەگەیەنێت
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێزەکانی "فیرقەی 98" شارۆچکەی ستراتیژیی بنت جبێلیان لە باشووری لوبنان بە تەواوی گەمارۆ داوە و هێرشێکی چڕیان بۆ سەر دەستپێکردووە، هاوکات ئاشکرای کرد، لە گەورەترین هێرشیاندا بۆ سەر لوبنان، زیاتر لە 250 سەرکردە و چەکداری حزبوڵڵایان کوشتووە.
دووشەممە 13ـی نیسانی 2026، سوپای ئیسرائیل، رایگەیاند پرۆسەی گەمارۆدانی شارۆچکەی بنت جبێل کۆتایی هاتووە و لە ئەنجامی پێکدادانە راستەوخۆکان و هێرشە ئاسمانییەکان، زیاتر لە 100 چەکداری حزبوڵڵا لەو ناوچەیە کوژراون. بنت جبێل خاوەنی سومبولێکی گەورەیە بۆ حزبوڵڵا، چونکە حەسەن نەسروڵا لە ساڵی 2000دا لەوێ گوتاری سەرکەوتنی پێشکەش کرد و ئیسرائیلی بە "لاوازتر لە ماڵی جاڵجاڵۆکە" وەسف کرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوی سوپای ئیسرائیل، هێزەکانیان دەستیان بەسەر سەدان پارچە چەکدا گرتووە و دەیان بنکەی ژێرخانی حزبوڵڵایان لەو ناوچەیە وێران کردووە. لە بەرانبەردا، حزبوڵڵا جەخت دەکاتەوە کە چەکدارەکانیان لەناو شارۆچکەکەدا، کە تەنیا ٥ کیلۆمەتر لە سنوورەوە دوورە، بەرپەرچی هێزەکانی ئیسرائیل دەدەنەوە و زیانیان بە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانیان گەیاندووە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، سوپای ئیسرائیل ئاماری هێرشە گەورەکەی 8ـی نیسانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە 250 چەکدار و سەرکردەی حزبوڵڵا لە بەیروت، بیقاع و باشووری لوبنان کوژراون. لە نێو کوژراوەکاندا چەندین سەرکردەی باڵا هەن، لەوانە، حەسەن مستەفا ناسر، فەرماندەی دەستەی پشتیوانی لۆجستی، عەلی قاسم، ئەبو عەلی عەباس، و عەلی حیجازی، فەرماندە باڵاکانی یەکەی هەواڵگری و ئەبو محەممەد حەبیب، جێگری فەرماندەی هێزی موشەکیی حزبوڵڵا.
راکان ناسرەدین، وەزیری تەندروستی لوبنان، رایگەیاند کە هێرشە چڕەکانی ئیسرائیل بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی سەدان کەس لە ناوچە جیاجیاکانی لوبنان. سەرچاوە ناوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە تەنیا لە هێرشەکانی ئەمڕۆدا ژمارەی قوربانییەکان لە 300 کەس تێپەڕیوەن.