عۆن بۆ ئێران: لوبنان وڵاتی ئێمەیە هی ئێوە نییە

سەرۆککۆماری لوبنان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی (CNN)، هێرشی توندی کردە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و حزبوڵڵا و رایگەیاند، گەلی لوبنان باجی بەرژەوەندییەکانی تاران دەدات. جەختی کردەوە کە "چارەسەری سەربازی" هەرگیز ئاسایش بۆ ئیسرائیل دابین ناکات و داوای کرد هەردوولا رێگەی دیپلۆماسی هەڵبژێرن بۆ ئەوەی کۆتایی بەو "جەنگە بێهودەیە" بهێنرێت کە لە ساڵی 1948ەوە بەردەوامە.

هەینی 5ـی حوزەیرانی 2026، جۆزێف عۆن، سەرۆککۆماری لوبنان لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە بەیرووت، بە راشکاوی رەخنەی لە دەستوەردانەکانی ئێران گرت و گوتی: "ئێوە هەوڵی یارمەتیدانی ئێمە نادەن، بەڵکو لوبنان وەک وەرەقەی مامەڵە لە دانوستانەکانتان لەگەڵ ئەمریکا بەکاردەهێنن." عۆن رووی دەمی کردە سوپای پاسدارانی ئێران و رایگەیاند: "ئەمە وڵاتی ئێوە نییە، ئەمە وڵاتی ئێمەیە و بەرژەوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ ئێوەدا یەکناگرێتەوە."

لە بارەی حزبوڵڵای لوبنانەوە، جۆزێف عۆن رایگەیاند، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبەکە، نوێنەرایەتی گەلی لوبنان ناکات؛ گوتیشی: "من لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان، تەنانەت شیعەکانیش قسەم کردووە، هەموویان لەم جەنگە بێزار بوون. گەلی لوبنان شایستەی ئەوە نین هەر 5 بۆ 10 ساڵ جارێک ماڵەکانیان تێکبچێت." عۆن بەڵێنی دا کە کار بکات بۆ چەککردنی حزبوڵڵا و کۆتاییهێنان بە هەژموونی ئەو گرووپە بە مەبەستی پاراستنی سەروەریی لوبنان.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عۆن داوای لە حزبوڵڵای کرد کە راستییەکان تێبگەن و روو بکەنە دیپلۆماسی؛ ئاماژەشی دا "پێویستە حزبوڵڵا لەوە تێبگات کە هیچ رێگەیەکی دیکە نییە جگە لە دانیشتن و گفتوگۆکردن. هیچ رێگەیەکی دیکە بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە و رزگارکردنی ئەوەی ماوەتەوە نییە، تەنیا لە رێگەی دانوستان و دیپلۆماسییەوە نەبێت."

سەرۆککۆماری لوبنان ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ پابەندبوون بە رێککەوتنی ئاگربەست و گوتی: "ئیسرائیلییەکانیش دەبێت لە خۆیان بپرسن، ئایا دەیانەوێت تا هەتایە لە جەنگدا بژین؟" عۆن رەتیکردەوە پێش گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ببینێت، بەڵام دوای رێککەوتن ئەو ئەگەرە کراوەیە.

لەلایەکی دیکەوە، نەبییە بەری، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان و هاوپەیمانی حزبوڵڵا، رایگەیاند، ئامادەیە بۆ کشانەوەی چەکدارانی ئەو گرووپە بۆ باکووری رووباری لیتانی، بەو مەرجەی ئیسرائیلیش لە ناوچە داگیرکراوەکان پاشەکشە بکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە نەعیم قاسم پێشتر رێککەوتنی ئاگربەستەکەی بە "خۆبەدەستەوەدان" وەسف کردبوو و رەتیکردبووەوە.

بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە ماوەی سێ مانگی ئەم جەنگەدا، زیاتر لە 3,500 لوبنانی کوژراون و یەک لەسەر پێنجی دانیشتوانی وڵاتەکە ئاوارە بوون. عۆن بە پیشاندانی وێنەی قوربانییەکان جەختی کردەوە کە "ئەمە جەنگێکی وێرانکەرە و تەنیا دیپلۆماسی دەتوانێت بیوەستێنێت."