ئەمریکا هێزە دەریاییەکانی لە دەوروبەری ئێران چڕ دەکاتەوە

کەشتیگەلی فڕۆکەهەڵگری "USS George H.W. Bush" بەرەو دەریای عەرەب بەڕێکەوتووە بۆ بەشداریکردن لە گەمارۆ دەریاییەکەی سەر ئێران. ئەم هەنگاوەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە "ماوەی لێبوردن" بۆ دەرچوونی کەشتییە بێلایەنەکان لە بەندەرەکانی ئێران کۆتایی هات و واشنتن هۆشداری داوە کە لەمەودوا هەر کەشتییەک سەرپێچی بکات، دەستبەسەر دەکرێت.

دووشەممە 13ـی نیسانی 2026، بەپێی زانیارییەکانی "USNI News"، کەشتیگەلی فڕۆکەهەڵگری "بوش" و کەشتییە جەنگییە هاوەڵەکانی ئێستا لە کەناراوەکانی نامیبیاوە بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکەوتوون؛ بۆ دوورکەوتنەوە لە مەترسیی هێرشە درۆنی و موشەکییەکانی حوسییەکان لە دەریای سوور، ئەمریکا بڕیاریداوە ئەم کەشتیگەلە بە دەوری کیشوەری ئەفریقادا بڕوات و نەیەتە نێو گەرووی باب ئەلمەندەب. چەندین کەشتی تێکشکێنەری وەک "دۆناڵد کوک"، "مەیسۆن" و "ڕۆس" هاوەڵی کەشتیگەلەکە دەکەن.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، گەمارۆکە بە یەکسانی بەسەر هەموو ئەو کەشتییانەدا جێبەجێ دەکرێت کە دێنە نێو بەندەرەکانی ئێران یان لێی دەچنە دەرەوە، چ لە کەنداوەکان بێت یان دەریای عومان. مۆڵەتی "ماوەی لێبوردن" بۆ کەشتییە بێلایەنەکان کاتژمێر 17:00ـی ئەمڕۆ دووشەممە کۆتایی هات.

لە راگەیەندراوێکدا هاتووە: "لەمەودوا هەر کەشتییەک بەبێ مۆڵەت لە ناوچە گەمارۆدراوەکە نزیک بێتەوە، رووبەڕووی رێگریکردن، گۆڕینی ئاراستە و دەستبەسەرداگرتن دەبێتەوە." تەنیا کەلوپەلی مرۆیی وەک خۆراک و دەرمان رێگەیان پێ دەدرێت ئەویش دوای پشکنینی ورد.

ئێستا هێزێکی دەریایی زەبەلاحی ئەمریکا لە دەریای عەرەبدا جێگیرکراوە، لەوانە کەشتیگەلی فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکۆڵن"، گرووپی ئەمفیبی "تریپۆلی" و حەوت کەشتی تێکشکێنەری دیکەی سەربەخۆ.

دارێل کاودڵ، سەرۆکی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی ئەمریکا، رایگەیاند ئەم گەمارۆیە "ئۆپەراسیۆنێکی زۆر گەورەیە" و پێویستی بە چوارچێوەیەکی یاسایی توند و رووبەڕووبوونەوەی مەترسیی مینە دەریاییەکان و چاودێری ئاسمانی هەیە.

ئەم جوڵە سەربازییە دوای ئەوە دێت کە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئاباد شکستیان هێنا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بڕیاری توندکردنی فشارەکانیدا بۆ ناچارکردنی تاران بە وازهێنان لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.