سی ئێن ئێن: ئیسرائیل لە ئازەربایجانەوە هێرشی کردووەتە سەر ئێران
چوار سەرچاوەی ئاگادار بە تۆڕی CNNی ئەمریکییان راگەیاندووە، ئیسرائیل بە نهێنی یەکە سەربازییە دەستەبژێرەکان و دەزگا هەواڵگرییەکانی لە ئازەربایجان جێگیر کردووە بۆ ئاسانکاری ئۆپەراسیۆنەکانی لە کاتی جەنگی ئێراندا، لە بەرانبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان ئەم هەواڵەی رەتکردووەتەوە و بە "بانگەشەی بێ بنەما" وەسفی کردووە.
هەینی 5ـی حوزەیرانی 2026، بەگوێرەی راپۆرتێکی تۆڕی سی ئێن ئێن، هێزەکانی ئیسرائیل لە چەند شوێنێکی باشووری ئازەربایجان و لەسەر سنوورە باکوورییەکانی ئێران کار دەکەن، کە تەنیا 60 میل لە شاری تەورێزەوە دوورن، ئەم یەکانە ئەرکی کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پێسپێردراوە، ئەمەش وای کردووە ئیسرائیل بتوانێت بە وردی چاودێری باکووری ئێران بکات.
سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوە کردووە، ئیسرائیل ئازەربایجانی وەک هاوبەشێکی ستراتیژی بینیوە و چەندین هەفتە پێش دەستپێکردنی جەنگ، ئامادەکارییەکانی دەستپێکردووە، لەوانەش چاندنی ئامێری گوێگرتن و سیخوڕی لە ناوچە سنوورییەکان.
یەکێک لە ئۆپەراسیۆنە هەرە گرنگەکان کە لە خاکی ئازەربایجانەوە دەستی پێکرد، کوشتنی "رەحمان موقەدەم" بوو، کە فەرماندەی هەواڵگری سوپای پاسداران بوو لە 4ـی ئازاری رابردوو، کە ئیسرائیل تۆمەتباری کردبوو بەوەی پلانی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپی لە ساڵی 2024ـدا داڕشتووە.
هەروەها راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم بنکە پێشوەختانەی ئیسرائیل لە ئازەربایجان، یارمەتیدەر بوون بۆ ئەنجامدانی هێرشی یەک لە دوای یەک بۆ سەر ئامانجەکان لە ناوخۆی ئێران و رەخساندنی دەرفەت بۆ ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی فڕۆکەوانەکان لە کاتی پێویستدا.
رەتکردنەوەی توندی ئازەربایجان
وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان بە توندی راپۆرتەکەی CNN ی رەتکردەوە، رایگەیاند: "ئەو بانگەشانەی کە دەڵێن خاکی ئازەربایجان لەلایەن وڵاتی سێیەمەوە بۆ هێرش یان چالاکی هەواڵگری دژی دەوڵەتێکی تر بەکارهێنراوە، بە تەواوی بێ بنەمان." هەروەها جەختی کردەوە، باکۆ هەرگیز رێگەی نەداوە و رێگەش نادات خاکەکەی بۆ ئەم جۆرە مەبەستانە بەکاربهێنرێت.