سوودانی: ئەنفال تاوانێکی رەگەزپەرستانە بوو دژ بە گەلی کورد

ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەبۆنەی تێپەڕبوونی 38 ساڵ بەسەر شاڵاوەکانی ئەنفالدا پەیامێکی لە پلاتفۆڕمی ئێکس بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو تاوانانە بە خەمێکی قووڵ و ئازارێکی گەورەوە یاد دەکەنەوە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمڕۆ یادی 38 ساڵەی ئەو تاوانە رەگەزپەرستانەیە دەکەینەوە کە لە لایەن ڕژێمی دیکتاتۆری لەناوچوو و باندە تاوانکارییەکانیەوە دژ بە رۆڵەکانی گەلی کوردمان لە شاڵاوە دڕندەکانی ئەنفالدا ئەنجام دران."

سوودانی باسی لەوەش کردووە، پێش زیاتر لە سێ دەیە، گەلی کوردی ئاشتیخواز لە شار و گوندەکاندا رووبەڕووی قێزەونترین شێوەی کوشتن و ئەشکەنجە بوونەوە، کە هەموو بەها مرۆیی و یاساییەکانی تێپەڕاندبوو.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکوەزیران جەختی لە گرنگیی یەکڕیزیی ئێستای عێراق کردەوە و گوتی: "ئەمڕۆ شانازی بە یەکڕیزی وڵاتەکەمان و برایەتی پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکانەوە دەکەین. لە چوارچێوەی سیستەمێکی دیموکراسی و دەستووریدا، هەموو عێراقییەکان بە شکۆمەندی و ئازادی و بەبێ جیاوازی دەژین."

ئەم پەیامەی سوودانی لە کاتێکدایە ساڵانە لەم یادەدا، جەخت لەسەر قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە تاوانانە لە عێراقدا دەکرێتەوە.