سەرۆک بارزانی: ئەنفال وانەیەكی گرنگە بۆ نەوەكانی ئێستا و داهاتوو

سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، سەرۆک بارزانی پەیامێکی بە بۆنەی 38ـەمین ساڵیادی شالاوەکانی ئەنفال بڵاوکردەوە. 

لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە "ئەنفال برینێكی قووڵە لە دڵی هەموو خەڵكی كوردستان، یەکێکە لە گەورەترین تاوانەکان کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی پێشووی عێراقەوە بە شێوەیەکی سیستەماتیک و ئامانجدار لەدژی گەلی كوردستان پیادە كرا. لە ئەنجامی ئەو كردەوە نامرۆڤانەیەدا سەد و هەشتا و دوو هەزار هاوڵاتیی کورد بە بێ ئەوەی هیچ تاوانێكیان كردبێت و تەنیا لەبەر كوردبوونیانەوە بێسەروشوێن و شەهید كران".

سەرۆک بارزانی دەڵێت "كیمیابارانكردن، تەعریب، دەركردنی بەزۆر، گۆڕینی دیموگرافی و وێرانكردنی هەزاران گوند و هەوڵدان بۆ تێكدانی هەموو بنچینەكانی ژیان لە كوردستان، بەشێكی تری ئەو تاوانانە بوو كە حكومەتی پێشووی عێراق لەدژی گەلی كوردستان ئەنجامی داوە".

سەرۆک بارزانی جەختی کردووەتەوە "ئەنفال زوڵمێكی زۆر گەورە بوو لە هەمانكاتدا وانەیەكی گرنگە بۆ نەوەكانی ئێستا و داهاتوو كە نابێ لەژێر هیچ بارودۆخێكدا فەرامۆش بكرێت. پێویستە لە ئاستی نێودەوڵەتی ئەم تاوانە بە جینۆساید بناسرێت و لە ئاستی عێراقدا ئەو دڵنیاییە هەبێت کە ئەم تاوانانە لە بەرانبەر گەلی كوردستان هەرگیز دووبارە نابنەوە".

سەرۆک بارزانی دووپاتی دەکاتەوە "ئەركی سەرشانی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی ئەنفال و ئەو جینۆسایدە بكات كە لەدژی میللەتەكەمان ئەنجام دراوە".

لە کۆتایی پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە "لە یادی سی و هەشت ساڵەی كارەساتی ئەنفالدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی كوردستان دەنێرین، و هاوبەشی خەم و ئازاری خێزان و كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالین".