ئیتاڵیا رێککەوتنە سەربازییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل هەڵپەسارد

ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، ئیتاڵیا رایگەیاند، نوێکردنەوەی خۆکارانەی رێککەوتنی بەرگریی لەگەڵ ئیسرائیل هەڵدەپەسێرێت، کە بریتییە لە ئاڵوگۆڕکردنی کەرەستەی سەربازیی و توێژینەوەی تەکنەلۆژیا. ئەمەش بەهۆی بەردەوامبوونی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراستە.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئیتاڵی 'ئەنسا' جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا رایگەیاندووە، "بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، حکوومەت بڕیاریداوە نوێکردنەوەی خۆکارانەی رێککەوتنی بەرگری لەگەڵ ئیسرائیل هەڵپەسێرێت."

بەگوێرەی ئاژانسەکە، گویدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگری ئیتاڵیا نامەیەکی ئاراستەی یسرائیل کاتز هاوتا ئیسرائیلییەکەی کردووە و ئاگاداری کردووەتەوە، لە بڕیاری هەڵپەساردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئیتاڵیا و ئیسرائیل، کە لە 13می نیسانی 2016 کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئاژانسەکە ئاشکرای کردووە، یاداشتەکەی نێوان هەردوولا بریتییە لە ئاڵوگۆڕی کەرەستەی سەربازی و توێژینەوەی تەکنەلۆژی لەنێوان هێزە چەکدارەکانی هەردوو وڵاتدا و هەر 5 ساڵ جارێک بەشێوەیەکی خۆکارانە نوێدەکرێتەوە.

جۆرجا مێلۆنی پێشتر جەختی لە گرنگی بەردەوامی دانوستانەکانی ئاشتی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران کردبووەوە، هەروەها هەوڵدان بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز.

مێلۆنی بە رۆژنامەنووسانی گوت، "زۆر گرنگە بەردەوام بین لە کارکردن بۆ بەرەوپێشبردنی دانوستانەکانی ئاشتی و هەموو هەوڵێک بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و کردنەوەی گەرووی هورمز کە بۆ ئێمە نەک تەنیا بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بەڵکو بۆ پەینیش زۆر پێویستە."